Accessibility links

یانەیەکی تۆپی پێی سعودیە ڕەتی دەکاتەوە یارییەکەی بەرامبەر یانەیەکی ئێرانی لە ئێران ئەنجام بدات


دەزگای ڕاگەیاندنی سعودیە بڵاویکردەوە یانەیەکی تۆپی پێی عەرەبستانی سعودیە ڕەتی کردووەتەوە یارییەکەی بەرامبەر یانەی سیپاهانی ئێرانی لە ئێران ئەنجام بدات، ئەوەش بەهۆی بوونی پەیکەری قاسم سولەیمانییەوە لە یاریگاکەدا.

یانەی ئەلئیتیحادی سعودیە بڕیاربوو لە چوارچێوەی پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئاسیادا بەرامبەر یانەی سیپاهانی ئێران لە ئێران یارییەک ئەنجام بدات، ئەو یارییەش یەکێکە لەو یارییانەی کە بەهۆی نزیکبوونەوە سیاسییەکەی ئەمدواییانەی نێوان سعودیە و ئێرانەوەیە.

کەناڵی ئەل ئیخبارییەی سعودیە بڵاویکردەوە یانە سعودییەکە ڕەتی کردووەتەوە بچێتە یاریگاکەوە، ئەوەش بەهۆی بوونی دروشمی سیاسیی و پەیکەری قاسم سولەیمانییەوە کە ڕابەرایەتی هێزەکانی قودسی دەکرد و لە مانگی یەکی ساڵی 2020 دا لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا لە عێراق کوژرا.

سولەیمانی ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینی لە چەکدارکردن و مەشق و ڕابەرایەتیکردنی گروپە چەکدارییەکانی سەرانسەری ناوچەکەدا، لەوانەش، چەکدارانی حوسییەکانی یەمەن لە یەمەن. سعودیە لە ساڵی 2015 ەوە دژی حوسییەکانی یەمەن لە یەمەن لە جەنگدایە.

سێ پەیکەری قاسم سولەیمانی لەسەر ڕێڕەوی چوونە ناو یاریگاکەوە داندرابوون. دوای نزیکەی 30 خولەک لە دواخستنی یارییەکە، یانە سعودییەکە یاریگای ناغشی جەهانییان جێهێشت، لەوێ نزیکەی 60,000 هاندەر چاوەڕێ بوون.

دواتر کەناڵی ئەل ئیخبارییە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە تێیدا دەردەکەوێت یانە سعودییەکە لە فڕۆکەخانەی ئەسفەهانن و دەڵێت دەگەڕێنەوە بۆ سعودیە.

پاڵەوانێتییەکەش ڕایگەیاند یارییەکەی کۆمەڵەی سی هەڵوەشاوەتەوە، ئەوەش بەهۆی " دۆخێکەوە کە پێشبینی نەکراو بووە." بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG