Accessibility links

سەرۆکی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە


کەڤن مەککارتی
کەڤن مەککارتی

بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەمەریکادا، یاسادانەرانی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە دەنگیاندا بۆ دوورخستنەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە دەسەڵات.

کەڤن مەککارتی کۆماری لە پۆستەکەی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە 216 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 210 دەنگی نەخێر دوورخرایەوە ئەمەش بەهۆی بەرهەڵستییەکی دەگمەن لەلایەن پارتەکەی خۆیەوە.

مات گایتز نوێنەری کۆمارییەکان درەنگانی ڕۆژی دووشەممە پێشنیارێکی تۆمارکرد بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر لابردنی مەککارتی بدریت، ئەو بێزاری خۆی لە سەرکردایەتی مەککارتی دەربڕی دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو نەیتوانی پڕۆژە یاسای بودجەی حکومەت پەسەند بکات کە ئەولەویەتەکانی خەرجکردنی پارێزکارانە بوو.

زۆرینەیەکی کەمی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران بەو مانایە بوو کە گایتز تەنها دەنگی چەند کۆمارییەکی پێویست بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ دیموکراتەکان دەنگ بدەن بۆ دەرکردنی مەککارتی. زۆرینەی کۆمارییەکان دەنگیان دا بۆ ئەوەی لە سەرکردایەتیدا بیهێڵنەوە.

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران تام کۆڵ ڕۆژی سێشەممە لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا هۆشداریدا بۆ هاوڕێ کۆمارییەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەران، "زۆر بە جوانی بیربکەنەوە پێش ئەوەی ئێمە بخەنە ناو ئاژاوەوە، چونکە بەرەو ئەوە دەڕۆین ئەگەر پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران چۆڵ بکەین".

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران مات گەیتز- کۆماریی
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران مات گەیتز- کۆماریی

گەیتز لە میانی مشتومڕ لە ناو ئەنجومەنی نوێنەران وەڵامی دایەوە و وتی "پێموانییە دەنگدان بە دژی مەککارتی ئاژاوەگێڕی بێت، پێموایە 33 تریلیۆن دۆلار قەرز ئاژاوەگێڕییە، پێموایە ڕووبەڕووبوونەوەی کورتهێنانی ساڵانە بە بڕی 2.2 تریلیۆن دۆلار ئاژاوەگێڕییە، پێموایە دەرنەکردنی پڕۆژە یاسای خەرجییەکان، ئاژاوەگێڕییە."

هەروەها هەندێک لە کۆمارییەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەسەر گرێبەستێک کە مەککارتی لە سەرەتای ئەمساڵدا لەگەڵ سەرۆک جۆو بایدن کردبووی بۆ ئەوەی ئاستی خەرجییەکان دابڕێژێت لە بەرامبەر بەرزکردنەوەی ئاستی قەرزەکان.

بۆب گود، نوێنەری کۆمارییەکان ئەمڕۆ سێشەممە، لە میانەی هەوڵەکانی بۆ قایلکردنی کۆمارییەکان تا مەککارتی لادەن گوتی "زۆرێک لە ئێمە تکامان لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کردبوو، چەندین جار داوامان لێکردبووەوە کە ئاستی قەرزەکان بەکاربهێنێت بۆ سوودوەرگرتن لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و چاکسازی."

پێش ئێستا هیچ سەرۆکێکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پۆستەکە دوور نەخراوەتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، مەککارتی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئەگەر بیژمێرم چەند جار کەسێک ویستویەتی من بخاتە دەرەوە، ئەوا زۆر لەمەوبەر نەمابووم."

وەک دانوستانەکانی ئەم دواییەدا سەبارەت بە ڕێگریکردن لە داخستنی حکومەت، زۆرینەی ئاستەمی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران بەو مانایە بوو کە دیموکراتەکان ژمارەیان هەبووە بۆ کاریگەریکردن لەسەر دەنگدان لەسەر مەککارتی.

لە نامەیەکدا بۆ دیموکراتەکان، سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە حەکیم جێفریس سەرۆکی دیموکراتەکان داوای لە دەنگدەرانی دیموکرات کرد کە دەنگ بدەن بۆ دوورخستنەوەی مەککارتی لە پۆستەکەی.

جێفریس لە نامەکەیدا وتی "دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەن بۆ دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان لەسەر ڕێگایەکی بەرەو پێشچوون. بەداخەوە هاوکارە کۆمارییە توندڕەوەکانمان هیچ ئامادەیییەکیان نیشان نەداوە بۆ ئەوەی هەمان شت بکەن. ئێستا بەرپرسیارێتی ئەندامانی پارتی کۆمارییەکانە کۆتایی بە شەڕی ناوخۆی کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بێنن."

دەنگدان بۆ دوورخستنەوەی ماکارتی پێویستی بە زۆرینەی سادەی ئەنجومەنی نوێنەران هەبوو کە435 ئەندامە. کۆمارییەکان بە 221 ئەندام زۆرینەیان کۆنترۆڵ کردووە لە بەرامبەر 212 ئەندامی دیموکراتەکان.

مەککارتی شەوی دووشەممە لەگەڵ جێفریس قسەی کردووە. مەککارتی ڕایگەیاند بە جێفریسی وتووە "ئێوە هەرچی پێویست بێت بیکەن. من سیاسەت بەدەست دەهێنم. تێدەگەم خەڵک لە کوێن. هەرچەندە بە ڕاستی باوەڕم بە دامەزراوەی ئەنجومەنەکە هەیە، ئەگەر سەرۆکێک دەرکەیت کە لە سەدا 99%ی ئەندامەکانی پارتەکەی لە پشتبێت، و هەوڵی دابێت حکومەت بە کراوەیی بهێڵێتەوە و هێزەکان مووچەکانیان وەربگرن، ئەوا پێم وایە زۆر بە خراپیی کۆنگرێس بەڕێوە دەبەین."

ئەو داواکارییەی لەلایەن گەیتزەوە کرا چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە مەککارتی بە پشتبەستن بە دەنگی دیموکراتەکان پلانێکی بودجەی کاتیی پەسەند کرد بۆ ڕێگری کردن لە داخستنی کارەکانی حکومەت.

مەککارتی لە مانگی یەکدا بووە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دوای چەندین خول لە دەنگدان کە گەیتز و کۆمارییەکانی دیکە دژی کاندیدبوونی ئەو بوون. یەکێک لەو شتانەی کە بووە هۆی هەڵبژاردنی مەککارتی لە کۆتاییدا، ڕەزامەندی دەربڕین بوو بە ڕێگەدان بەوەی لەسەر داوای هەر ئەندامێک بتوانرێت دەنگ بدرێت لەسەر لادانی.

XS
SM
MD
LG