Accessibility links

بەڕێوەچوونی دووەم دیبەیتی کاندیدەکانی کۆمارییەکان بەبێ ئامادەبوونی ترامپ


دووەم دیبەیتی7 کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ ساڵی 2024 ڕۆژی چوارشەممە 27ی مانگی نۆ بەڕێوەچوو.

لە دیبەیتەکەی ڕۆژی چوارشەممە کە لە کتێبخانەی ڕۆناڵد ڕیگان لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بەڕێوەچوو، کاندیدەکان بە توندی ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی جۆو بایدن گرت و هێرشیان کردە سەر سیاسەتەکانی لە بواری ئابووری و بەڕیوەبردنی سنووری باشووری وڵاتەکە لەگەڵ مەکسیدا.

دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا وەک مانگی ڕابردوو بەشداری لە دیبەیتەکەدا نەکرد و ئەمەش سەرزەنشتێکی دوو لە کاندیدە نەیارەکانی لە نێو کۆمارییەکاندا لێکەوتەوە.

ڕان دیسانتێس، پارێزگاری فلۆریدا لە لێدوانەکەیدا ڕەخنەی لە دانۆڵد ترامپ گرت کە بەشداریی لە دیبەیتەکەدا نەکردووە و گوتی ئەو دەبوو ئەمشەو لەسەر ئەم سکۆیە ئامادە بوایە.

سەرەڕای ئەوەی پێشتر ڕان دیسانتێس لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پارتی کۆماریدا بە نزیکترین ڕکابەری دانۆڵد ترامپ ناودەبرا، بەڵام ئێستا ڕاپرسییەکان دەریدەخەن کە جەماوەر و لایەنگەری خەریکە کەمدەبێتەوە.

ترامپ کە ڕووبەڕووی چەندین دۆسیەی تاوانکارییە، بڕیاریدابوو بۆ جاری دووهەم بەشداری لە دیبەیتەکاندا نەکات و لە جیاتی ئەوە سەردانی کرێکارانی پیشەسازی ئۆتۆمبێلی کرد لە ویلایەتی میشیگان.

سەرۆکی پیشووی ئەمەریکا لە هەوڵێکدا بۆ ڕاکشانی دەنگی چینی کرێکار بۆلای خۆی، سەردانی ویلایەتی میشیگان کرد و لە نێو کرێکارانی پیشەسازی ئۆتۆمبێلی ئەو ویلایەتە وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی "جۆو بایدن بانگەشەی ئەوە دەکات کە لایەنگری سەندیکای کرێکارییە و ئەوە قسەیەکی بێمانایە و تەواوی ژیانی پیشەیی بایدن پڕ بووە لە کردەوەی خیانەتکارانەی ئابووری و لەناوبردنی سەندیکاکانی کرێکاران."

ئامادەنەبوونی ترامپ هەروەها بوو بە هۆی ئەوەی کریس کریستی پارێزگاری پێشووی ویلایەتی نیوجرسی کە گەورەترین نەیاریەتی لەنێو کاندیدەکانی کۆمارییەکان، ترامپی تەمەن 77 ساڵانی تۆمەتبار بکات بەوەی کە دەترسێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی کاندیدەکانی دیکە لە دیبەیتەکاندا.

بەڵام سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا پێی وایە بەهۆی ئەوی بە پێی ڕاپرسییەکان لەگەڵ کاندیدەکانی دیکەی کۆمارییەکان مەودایەکی زۆرەی هەیە و لە پێشەوەی هەموویانە، بۆیە پێویست ناکات لە دیبەیتەکاندا لە تەنیشتیانەوە ئامادە بێت.

کریس کریستی پارێزگاری پێشووی ویلایەتی نیوجرسی، ڕان دیسانتیس پارێزگاری ویلایەتی فلۆریدا، نیکی هێڵی نێردەی پێشووی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، مایک پێنس جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، تیم سکات سیناتۆری کارۆلینای باشوور و داگ بورگوم پارێزگاری ویلایەتی داکۆتای باکوور و ڤیڤێک ڕاماسوامی 7 کاندیدی ئامادەبووی دووهەم دیبەتی کۆمارییەکان بوون.

بڕیارە یەکەم هەڵبژاردنی سەرەتایی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی کاندیدی کۆتایی نزیکەی چوارمانگی دیکە لە ویلایەتی ئایۆوا بەڕێوەبچێت و براوەی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی ئەو پارتەش لە کۆنفرانسی نیشتمانی کۆمارییەکان لە مانگی حەوتدا لە شاری میلواکی ڕابگەیەنرێت.

XS
SM
MD
LG