هەر دوای هێرشە کتوپڕکەی لەشکری ئازربایجان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی ناگۆرنۆ- قەرەباغ کۆچی بە لێشاوی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەی لێکەوتەوە؛ هاوکات هەزاران پەنابەری دیکەی ئەرمەنی ڕۆژی سێشەممە لە ناگۆرنۆ قەرەباغ هەڵاتن لە کاتێکدا بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئینتەرفاکسی ئازەربایجان ڕۆژی سێشەممە بە پشت بەستن بە وەزارەتی تەندروستی ئەرمەنستان، ژمارەی گیانلەدەستدان بە هۆی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە ناگۆرنۆ قەرەباغ لە ڕۆژی دووشەممەدا بۆ 125 کەس بەرزبۆوە.
ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی کارەساتەکەی ڕۆژی دووشەممەوە تاوسەندنی مەترسییەکانی لێکەتەوە، چونکە دەیان کەس لە دۆخێکی ناجێگیردا چارەسەر دەکران و زۆرێکیان پشتگوێخرابوون. هاوڵاتیان ترسی ئەوەیان هەیە دووچاری مەترسی گەورەتر ببنەوە.
نارین شاکاریان ئاوارەیەکی ئەرمەنی نەژادی ناگۆرنۆ قەرەباغە، تەمەنی 59 ساڵە بەدەم داگرتنی کەلوپەلەکانییەوە دەڵێت "ئێمە دەزانین کە ئێمە وەک کریستیان دەکوژرێین. خاکەکە بیانووە. ئەمە جینۆسایدی نەتەوەیەکی کریستیانە".
یەریڤان هۆشداری داوە لە ئەگەری "پاکتاوکردنی نەتەوەیی" لەلایەن ئازەربایجانەوە، کە هاوپەیمانێکی نزیکی تورکیای دوژمنە سەرسەختەکەی ئەرمینیایە، دوای ئەوەی باکۆ هەفتەی ڕابردوو لە هێرشێکی خێرادا بانگەشەی کۆنتڕۆڵی تەواوی ناوچەکەی کرد.
ئەرمەنییەکان کە زۆربەیان کریستیانن و ئازەربایجانییەکان کە زۆربەیان موسڵمانن، لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە لە ساڵی 1991ەوە دوو شەڕیان لەسەر خاکی ئەو ناوچە شاخاوییە ئەنجامداوە کە لە دەرئەنجامدا بووەهۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس.
ئەو خەڵکەی ئاوارەبوون ترسی ئەوەیان هەیە هێرش بکرێتە سەر گوندەکانی دیکەش، زاریک هۆڤهانیسیان، دانیشتووی گوندی کۆرنیدزۆرە و تەمەنی 70 ساڵە بە دڵێکی خەمبارەوە پێی وتین "لێرە سەربازانی ئازەربایجان زۆر نزیکن، لەوانەیە بیانبینیت. ئایا شەو خەومان لێدەکەوێت، ئێمە دەترسین. بێگومان دەترسین. ئەمڕۆ قەرەباغە، سبەی سەرەی گوندەکەی ئێمەیە."
ئێستا ناوچەکە تا 120 هەزار ئەرمەنی نەژادی لێدەژی بەڵام لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک بەشێک لە ئازەربایجان ناسراوە.
ئەرمینیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووەوە کە یەکەمین گرووپی پەنابەران گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، زیاتر لە 13 هەزار پەنابەر هەڵاتوون. بەڵام هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە پەیتا پەیتا ئاوارەکان هەڵدێن بەرەو ئەرمینیا و ئەو ژمارەیە لە زیادبووندایە.
تیمێکی ئاژانسی فرانس پرێس بەدرێژایی ڕێڕەوی لاچین سەدان ئۆتۆمبێلیان بینیوە کە کەلوپەل و پێداویستتیەکانی خۆیان بارکردووە و بە هێواشی بە درێژایی ڕێگاکە هەڵدێن.
پیاوێک کاتێک بەلای سەربازە ئازەربایجانەکاندا دەڕۆیشت وتی "ئێمەیان دەرکرد". لێشاوی کۆچەکە زیاتر شارۆچکەی سنووری گۆریسی گرتۆتەوە، یەکەم خاڵی هاتنی زۆربەی خێزانەکانە لە ناوچەکانی ناگۆرنۆ قەرەباغەوە.
ئانابێل غولاسیان، تەمەن 41 ساڵە و خەڵکی گوندی ڕیڤە کە بە شەلڤا ناسراوە بە ئازەری وتی "ڕۆژانێکی ترسناکمان بەسەر برد".
حکومەتی جوداخوازەکەی ناگۆرنۆ قەرەباغ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند؛ 13 تەرم لە شوێنی تەقینەوەی کۆگایەکی سووتەمەنی کە رۆژی دووشەممە تەقیوەتەوە دۆزراونەتەوە و حەوت کەسی دیکەش بەهۆی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە 290 کەس لە نەخۆشخانە خەوێندراون و دەیان نەخۆش لە دۆخێکی ناجێگیردا ماونەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی ئەرمینیا ڕایگەیاند، تیمێکی پزیشکیان بە هەلیکۆپتەر ڕەوانەی قەڵای یاخیبووانی "ستێپاناکێرت" کردووە.
سەرۆکایەتی کۆماری ئازەربایجان ڕایگەیاندووە باکۆ دەرمانیشی ناردووە بۆ یارمەتیدانی بریندارەکان.
بەڵام چارەسەرکردنیان سەختر بووە، دوای ئەوەی ئازەربایجان بۆ ماوەی نۆ مانگ گەمارۆی سەپاندبوو بەسەر ئەو ناوچەیەدا بۆ ئەوەی تەواو ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکات؛ نەخۆشخانە ناوخۆییەکان دەرمانەکانیان کەم بۆتەوە.
لە دوای هێرشەکەی هەفتەی ڕابردووەوە نێردراوانی باکۆ و یەریڤان ڕۆژی سێشەممە لە برۆکسل بوون بۆ ئەوەی ڕێگە خۆش بکەن بۆ یەکەم کۆبوونەوەی نێوان سەرکردەکانیان لە 5 ی مانگی 10 دا. دانوستانەکانی ڕۆژی سێشەممەی لە نێوان ڕاوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی دوو وڵاتەکە و وڵاتانی ئەڵمانیا و فەرەنسا بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ڕاوێژکاری دیپلۆماسی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا چارڵز میشێل بەڕێوەدەچێت.
ئۆپەراسیۆنەکەی ئازەربایجان لە 19ی 9 ەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو خاکە، جوداخوازانی ناچار کرد بە مەرجەکانی ئاگربەستێک ڕازیببن کە ڕۆژێ دواتر ڕێککەوتنیان لەسەر کرا، چەکەکانیان دابنێن. جوداخوازان ڕایانگەیاندووە؛ لە شەڕی هەفتەی ڕابردوودا 200 کەس کوژراون.
میدیای دەوڵەتی ئازەربایجان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە بەرپرسان خولی دووەمی وتووێژی ئاشتییانە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەرمەنی ناگۆرنۆ قەرەباغدا ئەنجامداوە کە ئامانج لێی "تێکەڵکردنەوەیان" بوو. پرسی مانەوە یان جێهێشتن لە ئێستادا بۆ زۆرێک لە خێزانە ئەرمەنییەکان ئازاربەخشە.
سوزانا ڤاردێڤانیان یەکێکە لە ئاوارە ئەرمەنییەکانی ئەو ناوچەیە بە پەیامنێرەکەی فرانس پرێسی ڕاگەیاند "هەر لە مانگی 6 ەوە بە تەواوەتی گەمارۆ دەستیپێکرد کاتێک هیچ شتێک لە ئەرمینیا هاوردە نەدەکرا. لەو ساتەدا کۆمەڵکوژییەکە بە برسێتی تەواوەتی دەستیپێکرد. سەرۆکی ئازەربایجان ئێمەی لاواز کرد تا بتوانێت وەک خەڵکێکی لاواز بمانکوژێت، هەرواشی کرد."
هەندێک دەڵێن ناتوانن لەژێر دەسەڵاتی ئازەربایجانییەکان بژین، هەندێکی دیکەش دەڵێن ڕۆیشتن لە ئێستادا مانای ئەوەیە کە ڕەنگە ئەرمەنییەکان هەرگیز نەتوانن بگەڕێنەوە و ناوچەکە بۆ هەمیشە زێدی خۆیان لەدەست بدەن.
بەڵام شوانێک بە ناوی خاچاتور ئایدنیان کە تەمەنی 62 ساڵە دەڵێت "ئەگەر دەرفەتی گەڕانەوەم هەبێت، ئەوا دەگەڕێمەوە، من دڵتەنگم کە مەڕەکانم بەجێهێشتووە."
ئەوانەی بڕیار دەدەن ناوچەکانی خۆیان بەجێبهێڵن زۆرجار مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێیان یان ئەندامانی خێزانەکەیان لەدەست بدەن کە لە دیوەکەی تری سنوورەوەکەوە چاوەڕێیان دەکەن.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز لانیکەم 19 هەزار کەس ئاوارەبوون لە کۆی 120 هەزار ئەرمەنی نەژاد کە ناگۆرنۆ-قەرەباغ بە نیشتیمانی خۆیان ناودەبەن.
بۆ نوسینی ئەم ڕاپۆرتە سود لە ئاژانسی فرانس پرێس و رۆیتەرز وەرگیراوە.