Accessibility links

ڕاوێژکاری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق: هێڵی شەمەندەفەری مێژوویی نێوان عێراق و ئێران لە ماوی 18 مانگدا ئامادە دەبێت


ڕاوێژکارێکی باڵای گواستنەوە و گەیاندنی عێراق ڕایگەیاند، عێراق هیوادارە لە ماوەی 18 مانگدا یەکەم هێڵی شەمەندەفەر لەگەڵ ئێرانی دراوسێیدا تەواو بکات، ئەمەش بەشێوەیەکی بەرچاو ئاسانکاری دەکات بۆ هاتوچۆی ملیۆنان زیارەتکار کە ساڵانە سەردانی مەزارگەی شیعییەکان لە عێراق دەکەن.

هێڵەکە بە درێژایی نزیکەی 30 کیلۆمەترە لە نێوان شاری بەسرە و شارۆچکەی سنووری شەلەمجەی ئێران و هاوتوچۆی ئەم ناوچانە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

ناسر ئەسەدی، ڕاوێژکاری گواستنەوە و گەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، پێویستە لە نزیکەی 18 مانگدا شەمەندەفەرەکان دەست بە گواستنەوەی گەشتیاران بکەن، چونکە مەودایەکی کەمی هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت پلانی داناوە بۆ دروستکردنی هێڵی ئاسنین لەنێوان کەربەلا و نەجەف کە شوێنی نیشتەجێبوونی پیاوانی ئایینی شیعەی عێراقە.

عێراق و ئێران لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا شەڕێکی وێرانکەری هەشت ساڵەیان ئەنجامدا، لەو ماوەیەدا بەشێکی زۆری ناوچە سنوورییەکان بە سەختی مینڕێژکران.

ئەسەدی گوتی کارەکان بەردەوامن بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە پێش ئەوەی کاری زەمینی لەسەر هێڵی شەمەندەفەرەکە دەستپێبکات.

ساڵانە بە ملیۆنان زیارەتکار بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن کە یەکێکە لە گەورەترین کۆبوونەوە ئاینییەکانی جیهان، لە مەزاری ئیمام حسێن لە شاری پیرۆزی کەربەلا کۆدەبنەوە.

زۆرێک لە زیارەتکاران سەدان کیلۆمەتر لە سنووری ئێران و عێراقەوە تا کەربەلا بە پێ دەبڕن، یان بە ئۆتۆمبێل و پاس کە زۆرجار ڕووداوی کوشندەی لێدەکەوێتەوە.

ئەسەدی ئاماژەی بەوەشکرد، هێڵی شەمەندەفەرەکە مەترسییەکانی ئەو جۆرە ڕووداوانە کەمدەکاتەوە و عێراق دەتوانێت لە ڕووی داراییەوە سوودمەند بێت لە فرۆشتنی بلیتەکان.

پڕۆژەکان بەشێکن لە پێشکەوتنێکی گەورەی کەرتی گواستنەوە کە حکومەت پلانی بۆ داناوە، لەوانەش چاککردنەوەی گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و پڕۆژەی شەمەندەفەر و ڕێگاوبان و خزمەتگوزاری بە درێژایی 1200 کیلۆمەتر لە بەندەرێکی گەورەی بارهەڵگر لە باشوورەوە تا سنوورەکەی لەگەڵ تورکیا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG