Accessibility links

تەسنیم: ئێران 30 بۆمبی لە تاران پوچەڵکردەوە و 28 کەسیش دەستگیرکران


ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی حکومەتی ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە زاری وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران 30 بۆمبیان پوچەڵکردەوە کە پلان هەبوو لە یەک کاتدا لە تاران بتەقێندرێنەوە و 28 کەسی سەر بە داعشیشیان دەستگیرکردووە.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران له بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند بەشێک لەو کەسانە سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ن و مێژووی پەیوەندییان به گرووپه تەکفیرییەکان لە سوریا، ئەفغانستان، پاکستان و هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هەیە.

ئەم گرووپە چەکدارە بەرپرسیارێتی خۆی لە چەندین هێرش لە ناو ئێران ڕاگەیاندووە، لەوانە دوو تەقینەوەی کوشندە لە ساڵی 2017 کە پەرلەمانی ئێران و گۆڕی ئایەتوڵڵا ڕوحوڵڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کردە ئامانج.

لەم دواییانەشدا، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشێک بۆ سەر مەزارگەیەکی شیعەکان لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو لە شاری شیرازی باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە ڕاگەیاند کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 15 کەس.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG