دادگای تێهەڵچوونەوەی سوید ڕۆژی چوارشەممە سزانی چوار ساڵ و نیو زیندانی بۆ هاووڵاتییەکی کوردی تورکیا دەرکرد، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ پشتیوانی دارایی بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) .
دادگای ناوچەی ستۆکهۆڵم لە مانگی حەوتی 2022دا یەحیا گونگۆر بە بەکارهێنانی چەک و هەوڵدان بۆ وەرگرتنی پارە و پشتیوانی دارایی بۆ پەکەکە تۆمەتبار کرد.
گونگۆر کە ڕۆژی چورشەممە سزای بەسەردا سەپێندرا، لە کاتی دادگاییکردنەکەدا هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە.
دادگای تێهەڵچوونەوەی سڤیا بڕیارەکەی دادگای خۆجێیی پشتڕاستکردەوە کە گونگور لە ستۆکهۆڵم هەوڵیداوە فشار بخاتە سەر بازرگانێکی کورد بۆ ئەوەی هاوکاری دارایی پەکەکە بکات.
دوای تێپەڕاندنی 4 ساڵ و نیو لە زیندان، دادگا بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی گونگوری دا.
بەڵام دادگای سڤیا ئاماژەی بەو هەڕەشانە کرد کە گونگەر ڕووبەڕووی دەبێتەوە ئەگەر دیپۆرت بکرێتەوە و ڕایگەیاند کە نابێت یەحیا گونگەر دوای تێپەڕاندنی سزاکەی دیپۆرت بکرێتەوە و بڕیارەکەی دادگای هەڵوەشاندەوە.
ئەمە یەکەمجارە دادگای سوید کەسێک بە تۆمەتی هاوکاری دارایی بۆ پەکەکە سزا بدات.
شرۆڤەکاران دەڵێن ئەم بڕیارە بۆ پەسەندکردنی داواکاری سوید بۆ ناتۆ کاریگەری ئەرێنی لەسەر تورکیا دەبێت.
ئەنکەرە بانگەشەی ئەوە دەکات کە سوید ئەندامانی گروپە چەکدارەکان لە خاکی خۆیدا داڵدە دەدات و دەیەوێت ئەو وڵاتە ڕێوشوێنی توند بەرامبەر بەو ڕێکخراوانە بگرێتەبەر.
سوید ڕایگەیاند کە ئەوان داواکارییەکانی تورکیایان بەدیهێناوە کە هەردوو وڵات لە دانوستانەکاندا لەسەری ڕێککەوتوون، لەوانەش یاسای نوێی دژە تیرۆر.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە بەڵگەنامەی پەسەندکردنی سوید لە مانگی دە ڕەوانەی پەرلەمان دەکات، بەڵام پێشبینی دەکات ستۆکهۆڵم هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتر لە دژی تیرۆر.
ئەردۆغان هەروەها ڕەخنەی لە ژمارەیەک خۆپیشاندان لە سوید و دانیمارک گرت کە تیایدا قورئان سووتێنرا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز/ ئەسۆشیەتد پرێس