لە لایەن: دیار جەمال
چەند ڕۆژێکە زۆرینەی ناوەندەکانی خوێندن و تەندروستی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لە سنووری ئیدارەی یەکێتی دەوام تێیاندا ڕاگیراوە و ناڕازین لە دۆخەکە، بە پێچەوانەوە لە سنووری ئیدارەی پارتی سەرباری ناڕازی موچەخۆران لە دواکەوتنی موچەکانیان، بەڵام دەوام بە شێوەی ئاسایی بەڕێوەدەچێت. هۆکاری ئەمەش وەک باسی لێوەدەکەن پەیوەندی بە ئازادی ڕادەربڕینەوە هەیە.
عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکایی، ڕاگەیاند،" لەگەڵ دەستپێکی خوێندن، نزیکەی 800 هەتا 900 هەزار خوێندکار بێ بەشبوون لە خوێندن، چونکە زۆربەی هەرە زۆری مامۆستایانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و کۆیە، بایکۆتی دەوامیان کردووە، بەو پێیەیی لەم سێ مانگەی هاوینە تەنها یەک موچەیان وەرگرتووە."
جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان وتیشی،" هەرچەندە مامۆستایانی سنوورەکانی هەولێر و دهۆک هەمان کێشەیان هەیە، بەڵام لەوێ دەوام ئاساییە، ئێمە پێمان وانییە دابەشکردنی، تەنها یەک موچە لەم ڕۆژانە کێشەی فەرمانبەران و مامۆستایان چارەسەر بکات، چونکە زۆرینەیان کرێی خانوویان لەسەرە و قەرزارن، بۆیە بایکۆت بەردەوامە و ئێمە وەکو یەکێتی مامۆستایان پاڵپشتیان دەبین، وە زۆربەی بەڕێوەبەرەکان بەڵێنی ئەوەیانداوە کە بەهیچ شێوەیەک مامۆستایان و فەرمانبەران غیاب نەدەن، بەو پێەی لە ناچاریە ئەو بڕیارە دراوە."
قەزای کۆیە، تاکە قەزایە لە هەرێمی کوردستان کە لە ڕووی ئیداریەوە سەر بە هەولێرە و لە ڕووی سیاسیشەوە سەر بە یەکێتییە و پۆستەکانی بەدەستەوەیە، بۆیە وەک ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندن زەنگی بایکۆت لەبری خوێندن لێدراوە.
فەرمان مەحمود نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی کۆیە ئاماژەی بۆ ئەوەدا" خوێندن ساڵی 2023 – 2024 لە سیازدەی مانگەوە دەستیپێکردووە، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی موچە، کە مامۆستایان موچەی مانگی حەوت و هەشتیان وەرنەگرتووە، بایکۆت ڕاگەیەنراوە و بەردەوام خوێندکاران پرسیارمان ئاڕاستە دەکەن و هیچ وەڵامێکمان پێ نییە، چونکە ئەم دۆخە لەدەستی ئێمەدا نییە."
نوێنەرەکەی مامۆستا ناڕازییەکانی کۆیە بە دەنگی ئەمەریکایی وت" جگە لەو ناوەندە خوێندنانەی کە کەرتی تایبەت بەڕێوەیان دەبەن، سەرجەم ناوەندەکانی تر داخراون، ئێمە وەکو ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ناگەڕێنەوە، هەروەها کە یەک موچەمان وەگرت، ئەو کات دەست بە مانگرتن دەکەین و خێمە هەڵدەدەین و درێژە بە ناڕەزایەتی دەدەین ، چونکە پێمان وایە ئەم دۆخە چارەسەر نابێت و لە 2014 ەوە بەو شێوەیەیە."
دەنگی ئەمەریکا لەسەر بایکۆت، پەیوەندی بە وتەبیژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەم بارەیەوە بدات.
کەرتی تەندروستی:
جگە لە ناوەندەکانی خوێندن کەرتی تەندورستی لە کۆیە و تەواوی ناوچەکانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین، بەرەو کارەساتی مرۆیی هەنگاو دەنێت، بەو پێەیی زۆرینەی کارمەندان و پزیشکان دەوامیان بەجێهێشتووە و هیچ نەخۆشێک نابینن، جگە لە فریاگوزاری خێرا نەبێت.
شیروان جەلال، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کۆیە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەم قەیرانە کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە کاریگەری زۆری لەسەر هەمووان دروستکردووە، بە تایبەت کەرتی تەندروستی، پزیشک و کارمەندەکانمان هەموویان لە دەوام نین، بەڵام تەنها لە کاتی فریاکەوتنی خێرا نەبێت کە دەگەڕێنەوە ئەگینا نەخۆش نابینن."
جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کۆیە، ئاماژەی بۆ ئەوەش دا و وتی "بەو پێیەی کۆیە بەشێک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵات نزیکن لێەوە، بۆیە ناچارین تیم دروست بکەین نەوەک هێرشیان بکرێتە سەر، بۆیە تیمەکانیشمان لەسەر هێڵن لە ماڵەوە، بەپێچەوانەوە هیچ نەخۆشێکی دیکە وەرناگرین لە نەخۆشخانە."
شیروان جەلال وتیشی،" کەرتی تەندروستی پەیوەستە بە ژیانی مرۆڤەوە، بۆیە گەر بە زووی موچەیەکمان بۆ دابین بکەن، دەگەڕێینەوە و بایکۆت دەشکێنین، هەروەها بەو مەرجەی هەموو مانگ لەکاتی خۆیدا بدرێت."
دەنگی ئەمەریکا چەند جارێک پەیوەندی بە وەزارەتی تەندروستیەوەکردە، بەڵام پەیوەندیەکان بەردەست نەبوون.
چارەسەری کاتی:
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم کوردستاندا هاتووە، بڕی 700 ملیار دینار بڕیارە وەک قەرز لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ سێ مانگ دەنێردرێت بۆ کوردستان و بڕە پارەی یەکەم بۆ موچەی مانگی حەوت تەرخان دەکرێت، جگە لەم ڕاگەیەندراوە، وەزارەتی درایی هیچ لەسەر دابەشکردنی موچە ناڵێت.
ئەندامێکی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکایی ڕاگەیاند،" ئەم قەرزەی کە کراوە بۆ موچە، لە ڕاستیدا کیشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو تەنها چارەسەرەکە کاتییە، چونکە لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ موچە دواکەوتووە، وە کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان قوڵن و ڕەنگە، کاتی زۆری پێویست بێت."
کاروان یاروەیس وتیشی،" دوو بژاردە هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان، یەکێکیان ئەوەیە لە ڕووی تەکنیکییەوە لەسەر گرفتەکان ڕێکبکەون، ئەو گرفتە تەکنیکیانەی کە هەیە بۆ جێبەجێکردنی بودجە، یاخود، بودجە بگەڕێنرێتەوە بۆ پەرلەمان و مادەی 12 و 13 کە پەیوەندی بە پشکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە دەستکاری بۆ بکرێت، بەڵام هەردوو بژاردەکە قورسن و پێویستیان بەوە هەیە، بە وردی گفتوگۆی لە بارەوە بکرێت وە ئەم گفتوگۆیانە درێژە بکێشن، کە خەڵکی کوردستان 90 ڕۆژە موچەیان وەرنەگرتووە ئەو کات تەحەمول نامینێت و دەبێت بە زوویی ئەم کێشە کاتییە چارەسەر بکرێت."
پرۆفیسۆر دکتۆر خالید حەیدەر، مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، ئەویش وتی "ئەم دۆخە پێویستی بە چارەسەری ڕیشەییە و من ناوی نانێم بەنج، بەڵکو ئەو پارەیەی کە دەگاتە کوردستان چارەسەری کاتییە و پێویستە بە زوویی دۆخەکە چارەسەر بکرێت، چونکە کاریگەری خراپی لە ڕووی ئابوریەوە لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی دروستکردووە."
بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن چ کاریگەریەکی لەسەر خوێندکاران دەبێت؟
عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، ڕاشیگەیاند،" ژمارەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندنیان کردووە نزیکەی حەفتا هەزار دەبێت، بایکۆتەکەش خۆڕسکانەیە و بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێمەوەیە لە جێبەجێنەکردنی داواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران.
بەگوێرەی ئامارەکان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 150 هەزار مامۆستا وانە بە یەک ملیۆن و 940 هەزار خوێندکار دەڵێنەوە، کەچی ئێستا نزیکەی 800 هەتا 900 هەزار خوێندکاریان بێ بەشن لە خوێندن و هێشتا هیچ ئاسۆیەک نییە بۆ کردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان، لە هەمان کاتدا کەرتی تەندروستی، وا خەریکە کارەساتی مرۆیی دەخولقێنیت و چارەسەری نەخۆش ناکرێت، جگە لە فریاکەوتنی خێرا نەبێت و زۆرینەی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەش دەرگایان داخستووە و دەڵێن ناگەڕێینەوە هەتا دوو بۆ سێ موچەمان بەسەریەکەوە پێنەدرێت.