بەرپرسانی ئیتاڵیا ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند، حکومەتی ئیتاڵیا کە ڕووبەڕووی زیادبوونی ژمارەی هاتنی کۆچبەران دەبێتەوە، ڕێوشوێنی توند دەگرێتە بەر بۆ درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنی کۆچبەران و دڵنیابوون لە گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان نییە.
ئەم هەنگاوەی ئیتاڵیا دوای ئەوە دێت کە هەفتەی ڕابردوو نزیکەی 10 هەزار کۆچبەر گەیشتنە دورگەی لامپێدوسا لە باشووری ئیتاڵیا، ئەمەش گورزێکی گەورەی لە متمانەی جۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا دا، کە ساڵی ڕابردوو بەر لەوەی پۆستەکەی بگرێتە دەست، بەڵێنی دابوو ڕێگری لە کۆچی نایاسایی بکات.
بەرپرسان دەڵێن لە هەوڵێکدا بۆ گەڕاندنەوەی دەستپێشخەرییەکە، حکومەت بڕیاریدا ئەو کۆچبەرانەی چاوەڕێی گەڕاندنەوە بۆ وڵاتەکەیان دەکەن، بۆ ماوەی سێ مانگ تا 18 مانگ دەستبەسەر بکرێن.
هەروەها وەزیرەکان ڕەزامەندیان لەسەر دامەزراندنی ناوەندی دەستبەسەرکردنی زیاتر دەربڕی لە ناوچە دوورەدەستەکان.
بەپێی یاسای ئیتالیا، ئەو کۆچبەرانەی ڕەوانەی وڵاتەکانیان دەکرێنەوە، ئەگەر نەتوانرێت دەستبەجێ بگەڕێنرێنەوە، دەستبەسەر دەکرێن.
بەگوێرەی داتاکانی حکومەتی ئیتاڵیا تا ئێستا زیاتر لە 127 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، ئەمەش نزیکەی دوو هێندە زیاترە لەو ژمارەیەی لە هەمان ماوەی ساڵی 2022دا تۆمارکراوە.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز