ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ڕایگەیاند بەنگلادیش خراپترین بڵاوبوونەوەی پەتای خوێنبەربوون لە مێژوودا بەخۆیەوە دەبینێت و گۆڕانی کەشوهەوا بەشێکە لە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە نەخۆشیانەی کە لە مێشوولەوە دەگوازرێنەوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای سەرهەڵدانی نەخۆشیەکە لە مانگی چواری ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە 135 هەزار حاڵەتی پەتاکە تۆمارکراوە کە لەوانەدا 650 حاڵەتی گیانلەدەستدان هەبووە.
تیدرۆس ئەدهانۆم گێبریێسس، سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تەنها لە ماوەی مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 300 حاڵەتی گیان لە دەستدان بەهۆی پەتای خوێنبەربوونەوە تۆمارکراون.
گوتیشی " بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە فشارێکی زۆر دەخاتە سەر سیستمی تەندروستی. لە کاتێکدا حاڵەتەکانی تووشبوون لە داکای پایتەخت کەم دەبنەوە، بەڵام لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتدا زیاتر دەبن".
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند کە پسپۆڕ و شارەزایانی ڕەوانەی زۆربەی ناوچەکانی بەنگلادیش کردووە و پاڵپشتی دەسەڵاتداران دەکەن بۆ چاودێری تەندروستی وردتر و زیادکردنی توانای تاقیگە و زیادکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو کۆمەڵگا دوورەدەستانەی زۆرترین ڕێژەی پەتاکەیان تێدا بڵاوبووەتەوە.
پەتای خوێنبەربوون نەخۆشییەکە لە ناوچە گەرمەکاندا بڵاودەبێتەوە و دەبێتە هۆی تایەکی زۆر، سەرئێشە، سکچوون، ڕشانەوە، ئازاری ماسولکەکان و لە مەترسیدارترین حاڵەتەکانیشدا خوێنبەربوون دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی نەخۆشەکە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری داوە کە پەتای خوێنبەربوون و نەخۆشییەکانی دیکە کە بەهۆی ڤایرۆسە گواستراوەکانی مێشوولەوە دروست دەبن وەک چیکونگونیا، تای زەرد و زیکا، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا خێراتر و بەرفراوانتر بڵاودەبنەوە.
بەڕێوەبەری هۆشداری و وەڵامدانەوەی نەخۆشیەکان لە ئاژانسەکە، عەبدی مەحمود، لە کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند، پەتایەکی لەو شێوەیە " مشتێکە لە قەیرانی کەشوهەوا".
عەبدی مەحمود دەشڵێت، تێکەڵەیەک لە هۆکارەکان لەوانە گۆڕانی کەشوهەوا و شێوازی گەرمبوونی کەشوهەوا لەم ساڵدا بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی توندی نەخۆشی خوێنبەربوون لە چەند ناوچەیەک لەوانە بەنگلادیش و ئەمەریکای باشوور.
هەفتەی ڕابردوو گواتیمالا بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی خوێنبەربوون، باری نائاسایی تەندروستی نیشتمانی ڕاگەیاند.