Accessibility links

دوو مەیکاپ ئار‌تێست لە هەرێمی کوردستان بە هۆی چالاکییەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیندانی دەکرێن


لاس و ڕۆیی
لاس و ڕۆیی

دوو مەیکاپ ئاڕتێستی کوڕ لەڕۆژانی ڕابردوو لە هەولێر لەسەر سکاڵای داواکاری گشتی بەپێی مادەی 401 لەیاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکران و خرانە زیندانەوە.

هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان بۆ بڵاوکردنەوەی "ڤیدێۆی نەشیاو" لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان گەڕاندووەتەوە.

پارێزەر ئاسۆ هاشم بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێشووتر ئێمە وەکو هەواڵدەر کەمپینیکمان لەسەر ئەو مۆدێلیستانە ڕاگەیاند، کە ئەمانە دژ بە بەها ئاینیەکان و دوور لەئادابی گشتی هەڵسوکەوت دەکەن، بۆیە داواکاری گشتی سکاڵای لەسەریان تۆماکرد".

ئاسۆ هاشم وتیشی،"بەپێی بەدواداچوونەکانمان ئەو دوو کەسە لەزیندان دانیان بەهەڵەی خۆیان ناوە و بەڵێنیانداوە کە لە زیندان دەرچوون خۆیان ڕێکبکەنەوە، پێدەچێت ڕۆژی یەکشەممە، دادوەر بڕیار بدات لەوەی بەکەفالەت ئازاد دەکرێن، یاخود دەمێننەوە لە زیندان".

بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکان و وتەبێژی دەستەی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بەدەنگی ئەمریکایی، وت،" دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە، بابەتیکی یاساییە و داواکاری گشتی لەڕووی یاساوە کاری لەسەر کردووە".

سلێمان موحسین سندی، وتەبێژەکەی دەستەی مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی بۆ ئەوەشدا،" کە چاودێری هەردوو دەستگیرکراو دەکەن و لەکۆتایدا چاوەڕوانی دادگان چ بڕیارێک دەردەکات".

لاس کە ناوە ڕاستیەکەی ئەحمەد هاوتایە، لەدوایی ئەوەی بوو بە مەیکاپ ئاڕتێست ناوی خۆیی گۆڕی و جل و بەرگی ئافرەتانی پۆشی، بەهەمانشێوە ڕۆیی ناوە ڕاستیەکەی ڕێناس فازڵە و بەبەردەوامی بەستایلی ژنانە دەردەکەوێت.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا هەردوو مەیکاپ ئاڕتێست لەزیندان دۆخیان باشە و کەسوکاری هەردوولا هیچیان لەسەر دەستگیرکردنەکە نەوتووە.

شاڵاو ئەبوبەکری پارێزەر بەدەنگی ئەمریکایی، ڕاگەیاند،" لە مادەی 17 بڕگەی یەکەم لە دەستوری عێراقدا هاتووە هەموو مرۆڤێک تایبەتمەندی خۆیی هەیە، جا لە هەر ڕەگەزێک بێت، مافەکانی بەپێی دەستور پارێزراوە، بەمەرجێک ئەم تایبەمەندیانە پێچەوانەی ئادابی گشتی نەبێت.

شاڵاو ئاماژەی بۆ ئەوەشدا ئەو دوو کەسە، ڕەگەزیان هەرچیەک بێت، دواجار دەبێت وەک مرۆڤێک لەنێو زیندان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

ئەو پارێزەرە وتیشی،" ئەوەی جیگای سەرنجە یەکێکیان کوڕە و ئەوی تریان ڕەگەزی خۆیی گۆڕیوە بۆ ئافرەت، بەپێی بەدواداچوونەکانمان وەک ئافرەتێک لەزیندان مامەڵەی لەگەڵکراوە".

وتەبێژەکەی دەستەی مافەکانی مرۆڤ لەسەر کەیسەکە ئاماژەی بۆئەوەدا کە کەسوکاری هەردوو دەستگیرکراوەکە سەردانیانی نەکردووە تا سکاڵا تۆماربکەن.

هەردوو مەیکاپ ئاڕتێست چەند ڕۆژێکە، هەڵایەکی گەورەیان لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە و هەندێک دەستخۆشی دەکەن کە خرانەتە کونجی زیندانەوە و داوا دەکرێن لە کۆمەڵگا دوور بخرێنەوە و هەندێکیش بەپێچەوانەوە زیندانکردنەکەیان بەزەوتکردنی ئازادی و ژیانی تایبەتی تاکەکان دەزانن و پێیان وایە ئەم سکاڵایە پێچەوانەی بەهاکانی مافەکانی مرۆڤە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:42 0:00

XS
SM
MD
LG