Accessibility links

ئیسرائیل دۆزینەوەی چەند شمشێرێکی سەردەمی ڕۆمەکان لە ئەشکەوتێکدا لە بیابانی جووەکان ئاشکرا دەکات


شوێنەوارناسە ئیسرائیلییەکان دۆزینەوەی چوار شمشێر و ڕمێکی سەردەمی ڕۆمانەکانیان لەناو ئەشکەوتێکدا لە بیابانی جووەکان ئاشکرا کرد، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی هەزار و 900 ساڵ لەمەوبەر.

شوێنەوارناسان دەڵێن، پێدەچێت ئەم چەکە کۆنانە لە سەردەمی ڕاپەڕینی بار کۆخبەی جووەکان لە دژی ڕۆمانەکان لە سەدەی دووهەمدا بەکارهێنرابن.

ئیتان کلاین، بەڕێوەبەری دەستەی شوێنەوارە دێرینەکانی ئیسرائیل لە مەڕاسیمێکدا کە تێیدا پەردە لەسەر چەکەکان لادرا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئەمە دۆزینەوەیەکی زۆر ناوازە و گرنگە کە لە ئیسرائیلدا وێنەی نەبووە".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە وای بۆدەچین کە جووەکان ئەم چەکانەیان وەک غەنیمەت لە یەکەکانی ڕۆمانی دەستکەوتووە، یان لە بەرەکانی شەڕدا کۆکراونەتەوە و لە ئەشکەوتێکدا وەک کۆگایەکی شمشێر شاردراونەتەوە بۆ ئەوەی لە شەڕەکانی داهاتوودا بەکاربهێنرێن".

بەبێ ئەوەی شوێنەکەی دیاری بکات لە ترسی تاڵانکردن، کلاین گوتی دۆزینەوەکە لەسەر خاکی ئیسرائیل بووە لە ناوچەیەکی نزیک لە یەدەگی سروشتی عەین گێدی.

گای ستابلەر، مامۆستای زانکۆی تەلئەڤیڤ کە پسپۆڕە لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا دەڵێت: "ئێمە تازە دەستمان کردووە بە تێگەیشتن لەوەی کە دەکرێت ئەوانە چی بن".

گوتیشی "تەنها پەیوەندی بە جولەکەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ڕۆمەکانەوە هەیە؛ باس لە تەواوی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم دەکات."

ستابلەر دەڵێت، چەکەکان بە باشی پارێزراون، هێشتا تیغە ئاسنینەکانیان و چەقۆ و دەستە ئاسنەکانیان وەک خۆیان ماون.

شوێنەوارناسی پرسێکی زۆر سیاسییە لە ئیسرائیل و ناوچە فەلەستینییەکان، هەندێک دۆزینەوەی شوێنەوار بۆ پاساوهێنانەوە لە داواکردنی خاکی هەر لایەنێک بەکارهێنراون.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG