Accessibility links

جگە لە 4 کەس، سەرجەم دەستگیرکراوەکانی کەرکوک ئازاد دەکرێن و خۆپیشاندانیش دەستپێدەکاتەوە


کەرکوک
کەرکوک

بەشێک لە دانیشتوانە کوردەکەی کەرکوک جارێکی تر خۆپیشاندانیان دەستپێکردەوە، هۆکاری دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکەیان بۆ پشتیوانیکردن لە کەسوکاری "شەهیدانی" ڕۆژی شەممەی ڕابردوو دەگێڕنەوە.

ڕۆژی شەممە 2ی مانگی 9، دژی داخستنی ڕێگەی نێوان کەرکوک_هەولێر لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەبی تورکمانییەکانەوە، بەشێک لە دانیشتوانە کوردەکەی کەرکوک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بارگرژی ڕوویدا، 4 خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداو 15 خۆپیشاندەری تریش برینداربوون.

سامان مەحمود، کە بەشداربوویەکی خۆپیشاندانەکەی ڕۆژی دووشەممەی کەرکوکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "نابێت خوێنی شەهیدەکان بە فیڕۆ بڕۆن، دەبێت حکومەتی عێراق ئەو کەسانە بداتە دادگا کە تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی کورد کردووە، چونکە خوێنی گەنجی کورد ڕژێنراوە."

خۆپیشاندەرانی ڕۆژی دووشەمەی کەرکوک، جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە خۆپیشاندانەکەیان ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژییە، ئەو هێزانەش کە خۆپیشاندەران دەپارێزن پۆلیسی کەرکوکن، کە زۆربەیان کوردن.

سامان وتیشی ،"دەبێت شکۆ بۆ کورد بگێڕدرێتەوە، نابێت چیتر ستەم لە کورد بکرێت."

لە ڕۆژی یەکشەممەوە، هێزە عێراقییەکان ئۆپەراسیۆنییان لە گەڕەکە کوردنیشینەکانی کەرکوک دەستپێکردووە، ژمارەیەک گەنجی کوردییان بە تۆمەتی دەستهەبوون لە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژی شەممە دەستگیرکرد.

نەجوە کاکەیی، یەکێک لە نوێنەرانی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە دوێنێ یەکشەممە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقدا کۆبوونەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەرجەم دەستگیرکراوەکان ئازادکران، تەنها 4 کەسیان ئازاد نەکراون، گوایە چەکیان پێگیراوەو چەکەکانیان تەقەی پێکراوە، هەوڵدەدەین و ئەوانیش ئازاد دەکەین."

هەروەها وتیشی،"سودانی بڕیاریدا هێزە عێراقییەکان دەست لە ئۆپەراسیۆن هەڵبگرن و کەسوکاری شەهیدەکانیش قەرەبوو بکرێنەوە."

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆک وەزیرانی عێراق شاندێکی سەربازی ڕەوانەی کەرکوک کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ڕۆژی شەممە و یەکشەممە، کە کوژرانی 4 گەنج و برینداربوونی 15 کەسی تری لێکەوتەوە.

XS
SM
MD
LG