Accessibility links

فەرماندەی میحوەری پردێ: پلانمان هەبوو بەرەو کەرکوک جوڵە بکەین بەڵام هەندێک بەرپرسی دڵسۆزی عێراق جوڵەی پێڕاگرتین


فەرماندەی میحوەری پردێی هێزی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو خۆیان ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی بڕۆن بەدەم خۆپیشاندەرە کوردەکانی کەرکوکەوە، بەڵام بەهەوڵی هەندێک بەرپرسی عێراقی جوڵەیان بەرەو کەرکوک ڕاگرتووە.

ڕۆژی شەمە، بەشێک لە کوردەکانی دانیشتووی کەرکوک، دژی داخستنی ڕێگەی نێوان کەرکوک_هەولێر لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکانەوە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و گرژی ڕوویدا، بەو هۆیەوە 4 خۆپیشاندەر کوژران و 15 ی تریش برینداربوون.

نوری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەی پردێی هێزی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەندێک بەرپرسی دڵسۆزی عێراق دەستوەردانیانکرد و داوای دان بەخۆدا گرتنی لێکردین، ئەگینا پلانمان هەبوو بەرەو کەرکوک بڕۆین. چۆن دەبێت خوێنی کورد لەکەرکوک بڕژێت و ئێمە دەستەوەستان بین."

تەقەکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە خۆپیشاندەرە کوردەکان، بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستانی هێنایە دەنگ و ئیدانەی "ڕشتنی خوێن"ی خۆپیشاندەرە کوردەکانی کەرکوکیان کرد. هەروەها مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، خۆپیشاندەرانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکانی بە "گێرەشێوێن" ناوبرد.

نوری حەمە عەلی، دەڵێت،"داخستنی ڕێگەی کەرکوک_هەولێر و دژایەتیکردنی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک پلانی شۆڤێنییەکان بوو، گەر پێشتر خێوەتەکە لابرایەو ڕێگەکە بکرایەتەوە، خوێنی گەنجی کوردیش نەدەڕژا."

درەنگانێکی شەوی ڕابردوو، بە فەرمانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، خێوەتی مانگرتووانی لایەنگرانی حەشد و لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان لابراو ڕێگەی نێوان کەرکوک_هەولێر کرایەوە.

هێزە عێراقییەکانیش لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەمەوە، ئۆپەراسیۆنێکیان لەناو گەڕەکە کوردییەکانی کەرکوک دەستپێکردووە، تا ئێستا نزیکەی 50 گەنجی کورد دەستگیرکراون.

سەبارەت بە دوا ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەکەی ڕۆژی شەمە، موقەدەم عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"4 کەس گیانیان لەدەستداوەو 15 کەسیش برینداربوون. ئەو کەسانەشی دەستگیرکراون لای پۆلیس نین."

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەمە، پەرلەمانتارانی کورد، عەرەب و تورکمانی کەرکوک لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆ ببنەوە، بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی کەرکوک و هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.

سەباح حەبیب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"داوای پێکهێنانی لیژنەیەک لە سودانی دەکەین بۆ سزادانی ئەو کەسانەی تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی کەرکوک کردووە. داواش دەکەین لێکۆڵینەوە لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک بکرێت، چونکە ئەو کەسانەی خێوەتیان لەسەر ڕێگەی کەرکوک_هەولێر هەڵدا ژمارەیان کەمبوو، کەچی ئەو نەیتوانی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات."

ئەو وتیشی،"داوای قەرەبووکردنەوەی کەس و کاری شەهیدەکان و باشکردنی گەڕەکە کوردییەکان دەکەین، کە بەهۆی خۆپیشاندانەوە زیانیان بەرکەوتووە. داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنی سەر گەڕەکە کوردییەکان و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانیش دەکەین."

لە ڕۆژی 27 ی مانگی ڕابردووەوە، لایەنگرانی عەرەب و تورکمان و حەشدی شەعبی دژی پێدانەوەی بارەگاکان بە پارتی لەسەر ڕێگەی کەرکوک_هەولێر خێوەتیان هەڵداو ڕێگەکەیان داخست. ئەمەش توڕەبوونی دانیشتوانی کوردی کەرکوکی لێکەوتەوەو بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی حکومەتی عێراقیان ناچارکرد ڕێگەکە بکاتەوە.

XS
SM
MD
LG