Accessibility links

ئەمەریکا هەوڵی کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان لە ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتی کوردەکان لە سوریا دەدات


باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە سوریا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کاربەدەستانی ئەمەریکا لەگەڵ هێزەکان بە ڕابەرایەتی کورد و سەرۆک خێڵەکان کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی پێویستی توندوتیژییەکان چەند ڕۆژێک پاش توندوتیژی کوشندە لە ناوچەکەدا.

شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە پارێزگای دێرەزوور سەریهەڵدا، دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانیان لێدەکرێت، ئەحمەد ئەلخەبیل، سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی خۆجێیی دێرەزووریان لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو دەستگیرکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەهۆی توندوتیژییەکانەوە 49 چەکداری هەردوولا و هەشت هاووڵاتی مەدەنی کوژراون، هەروەها قەدەغەی هاتوچۆ لە ناوچەکە لە وڕۆژی شەممەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

باڵێۆزخانەی ئەمەریکا دەڵێت ئیتن گۆڵدریچ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک و ژەنەڕاڵ جۆڵ ڤاوێڵ، فەرماندەی هاوپەیمانی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژ بە داعش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی کورد و سەرکردەکانی هۆزەکان لە دێرەزوور کۆبونەوە.

باڵیۆزخانەکەی ئەمەریکا کە بنکەکەی لە دەرەوەی سوریای لە تۆڕی کۆمەڵایتی ئێکس کە پێشتر تویتەر بوو، بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر "گرنگی چارەسەرکردنی ناڕەزایەتییەکان دانیشتوانی دێرەزوور"، "مەترسیەکانی دەستوەردانی دەرەکی" و پێویستی "دوورکەوتنەوە لە مردن و قوربانیی هاووڵاتیانی مەدەنی" هاوڕابوون.

هەروەها دەشڵێت بەشداربووان هاوڕابوون لەسەر "پێویستی کەمکردنەوەی توندوتیژی لە زووترین کاتدا."

پارێزگای دێرەزوور کە زۆرینەی عەرەبە، لە ڕۆژهەڵاتی فوراتەوە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدایە، هاوکات هێزەکانی سەر بە بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا و چەکدارانی سەر بە ئێران لە کەناری ڕۆژئاوا جێگیرن.

دەسەڵاتدارانی کورد لەڕێگەی ئەنجومەنی مەدەنی و سەربازی ناوخۆییەوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بەڕێوەدەبەن، بۆ ئەوەی هۆزە عەرەبە ناوخۆییەکان نیگەران نەکەن.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکاش بنکەی لەو ناوچەیە هەیە لە ناویاندا لە کێڵگەی گازی ئەلعومەر.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، گۆڵدریچ و ڤاوێڵ "گرنگی هاوبەشی بەهێزی ئەمەریکایان لەگەڵ هەسەدە دووپاتکردەوە" لە هەوڵەکانیدا بۆ شکستپێهێنانی داعش.

ڕۆژی یەکشەممە، ڕۆژێک دوای جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتووچۆ، هێزەکانی هەسەدە و ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاند، پێدەچێت دۆخەکە هێوربوبێتەوە.

فەرهاد شامی، وتەبێژی هەسەدە ڕایگەیاند، گرژییەکان لە پێنج گوند لە کۆی 120 گوندی ناوچەکە سنووردارکراون، ئاماژەی بەوەشکرد، "لە یەک گوندی تریش کە ماوەتەوە، بابەتەکان بەرەو چارەسەرکردن دەڕۆن".

ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخەکە "بە هەستیارییەکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام هیوادارین بەم زووانە کێشەکان یەکلایی بکرێنەوە، جا چ لە ڕووی سەربازییەوە بێت یان بە پەیوەندی لەگەڵ هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکە".

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG