Accessibility links

کەرکوک: خۆپیشاندەرێک گیانی لەدەستداو 14 کەسی تریش برینداربوون


لە ئەنجامی خۆپیشاندانی بەشێک لە دانیشتوانە کوردەکەی کەرکوک و دروستبوونی بارگرژی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق، کەسێک گیانی لەدەستداو 14 کەسی تریش برینداربوون.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەمە، بەشێک لە دانیشتوانە کوردەکەی کەرکوک دژی داخستنی ڕێگەی نێوان کەرکوک_ هەولێر لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکانەوە خۆپیشاندانیان ئەنجامداو بەو هۆیەوە بارگرژی دروستبوو.

موقەدەم عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"تا ئێستا خۆپیشاندەرێک گیانی لەدەستداوەو 14 کەسی تریش برینداربوون."

نزیکەی 10 ڕۆژە لایەنگرانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان، ڕێگەی نێوان کەرکوک_هەولێریان داخستووەو خێوەتیان هەڵداوە، دژی فەرمانێکی محەمەد شیاع سودانی بۆ ڕادەستکردنەوەی بارەگای ئەنجومەنی پێشووی سەرکردایەتی پارتی کە ئێستا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراقی تێدایە.

موقەدەم عامر وتیشی،"11 لە بریندارەکان خۆپیشاندەر نەبوون، بەڵکو بە ڕێکەوت بە نێو خۆپیشانداندەراندا تێپەڕیوون و برینداربوون."

زۆربەی ئەو کەسانەی برینداربوون فیشەکیان بەرکەوتووە، بەو پێیەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەران بە چەک ڕووبەڕوویان بوونەوە، بارگرژیش تا درەنگانێکی ئێوارەی ئەمڕۆ شەمە بەردەوامبوو.

کەرکوک: خۆپیشاندەرێک گیانی لەدەستداو 14 کەسی تریش برینداربوون
please wait

No media source currently available

0:00 0:00:08 0:00

خۆپیشاندەرانی کورد هەوڵیاندا خۆیان بگەیەننە ڕێگەی نێوان کەرکوک_هەولێر لە گەڕەکی شوراو، تا لایەنگرانی حەشد و لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان دوور بخەنەوە و ڕێگەکە بکەنەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی عێراق ڕووبەڕوویان بوونەوەو دۆخەکە هێندەی تر ئاڵۆزبوو.

کاروان محەمەد، یەکێک لە خۆپیشاندەرانی کورد لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لایەنگرانی حەشد و لایەنە عەرەبییەکان ڕێگەی هەولێریان داخستووە و ڕێگە لە ئیش و کاری خەڵک دەگرن، تاکەی ئەم دۆخە قەبوڵ بکەین."

ئەو وتیشی،"کورد نابێت بێدەنگ بێت، دەبێت شەڕی گێڕانەوەی ماف و شکۆ بکات. حزبە کوردییەکان پشتگیری خەڵک ناکەن و خەڵکی کوردیش توڕەو نیگەرانە لە دۆخەکە."

کوردانی کەرکوک، عەسایبی ئەهلی حەق و بەشێک لە بەرپرسانی عەرەب تۆمەتبار دەکەن بە داخستنی ڕێگەی نێوان کەرکوک_هەولێر، ئاماژەبەوەدەکەن خەڵکیان لە حەویجەوە هێناوەو گرفت بۆ هاتووچۆی کوردانی شارەکە دروست دەکەن.

هەرچەندە بەشێک لە لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان دژایەتی خۆیان بۆ ڕوودانی پشێوی نیشانداو داوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان کرد، بەڵام کوردەکان پێیانوایە دەستی عەسایبی ئەهلی حەق و چەند کەسایەتییەکی عەرەبی لە پشت خۆپیشاندەران و داخستنی ڕێگەی هەولێرەوەن.

رەجەب کاکەیی، چالاکوانی کورد لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سیاسییەکان دەیانەوێت ناکۆکی نێوانیان بگوێزنەوە بۆ نێو شەقام، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا سەرەتایەکی خراپ و مەترسیدارە."

ئەو وتیشی،"ئەوەی کوردانی کەرکوکی توڕەو نیگەران کردووە، خۆپیشاندەرانی عەرەب و تورکمان دژی پارتی خێوەتیان هەڵداوە، کەچی تانە لە تاک بە تاکی کورد دەدەن."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە مەسعود مەلا پەروێز بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی لەکەرکوکەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو لێدوان بدات.

XS
SM
MD
LG