Accessibility links

دامەزراوەی نۆبڵ بانگهێشتنامەی باڵیۆزی ئێران، ڕووسیا و بیلاڕووسی بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی خەڵاتکردن لە ستۆکهۆڵم هەڵدەوەشێنێتەوە


دامەزراوەی نۆبڵ ڕۆژی شەممە،2ی مانگی نۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە باڵوێزەکانی ئێران و ڕووسیا و بێلاڕوس بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵ لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بانگهێشت ناکات.

ئەو دامەزراوەیە ڕۆژی پێنجشەممە ،31ی مانگی هەشت بە ئاماژەدان بە پێویستی بانگهێشتکردنی تەنانەت ئەوانەی پابەند نین بە بەهاکانی خەڵاتی نۆبڵەوە، ڕایگەیاندبوو کە باڵیۆزی ئەو سێ وڵاتە بانگهێشتی مەراسیمی خەڵاتی نۆبڵ دەکات کە بڕیارە مانگی دوانزەی ئەمساڵ بەڕیوەبچێت.

بەڵام دوای ڕەخنەی بەرفراوان و هەڕەشەی سەرکردەکانی چەند پارتێکی سویدی بۆ بایکۆتکردنی مەراسیمەکە، دامەزراوەی نۆبڵ ڕایگەیاند " ئێمە بە فەرمی ڕێز لە کاردانەوە توندەکانی سوید دەگرین و بۆیە بڕیارماندا ڕێکاری ساڵی ڕابردوو دووبارە بکەینەوە؛ بە واتایەکی تر باڵیۆزی ڕووسیا و بیلاڕووس و ئێران بانگهێشتی مەراسیمی خەڵاتی نۆبڵ لە ستۆکهۆڵم ناکەین."

ساڵی ڕابردوو دامەزراوەی نۆبڵ باڵیۆزی ڕووسیا و بیلاڕوسی بانگهێشتی مەراسیمی خەڵاتکردنەکە نەکرد، بەهۆی لەشکرکێشی هێزەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

کۆماری ئیسلامی بە هۆی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەکانی دژ بە کوژرانی ژینا ئەمینی و هەروەها هاوکارییە سەربازییەکانی لەگەڵ ڕووسیا، لەوانەش ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا، ڕووبەڕووی چەندین پاکێجی سزاکان بووەتەوە.

ساڵانە براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە بوارە جیاجیاکان لە سەرەتای مانگی 10 ڕادەگەیەنرێت و مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکان لە پێنج بواری فیزیا، کیمیا، ئابووری، فیزیۆلۆژی/پزیشکی، و ئەدەب لە ستۆکهۆڵم بەڕێوەدەچێت و بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیش لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG