Accessibility links

باوکی خۆشەویستەکەی شازادە دیانا کۆچی دوایی کرد

محەمەد ئەلفاید، سەرۆکی پێشووی یانەی فولهام و ملیاردێری میسری-بەریتانیایی لە تەمەنی 94 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

بنەماڵەی ئەلفاید و یانەی تۆپی پێی فولهام کە ساڵانێکی زۆر ئەلفاید خاوەنی بووە، مردنەکەیان پشتڕاستکردوەتەوە و بە ڕووداوێکی "زۆر خەمناک" ناوی دەبەن.

محەممەد ئەلفاید کە باوکی خۆشەویستەکەی شازادە دیانا بوو، دوای ئەوەی کوڕەکەی لە ساڵی 1997 لە ڕووداوێکی گوماناوی ئۆتۆمبێلدا لەگەڵ شازادە دیانا گیانیان لەدەستدا، ساڵانێک بەدوای دۆزینەوەی نهێنییەکانی کوژرانی "دودی" و "دیانا"دا بوو.

بەپێی میدیاکانی بەریتانیا، ئەلفاید هەرگیز بەسەر شۆکی مردنی کوڕەکەیدا زاڵ نەبوو و ساڵانێکی زۆری بەسەربرد بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە.

لە ساڵی 2008 ئیدیعای کرد کە مردنی شازادە دیانا و کوڕەکەی لەلایەن شازادە فیلیپ و بە هاوبەشی دەزگای نهێنی بەریتانیا بووە، بەڵام پشکنەری پزیشکی و دادگا ئەو ئیدیعایەیان ڕەتکردەوە.

محەممەد ئەلفاید کە بازرگانێکی گەورە بوو، بە فرۆشتنی خواردنەوە گازدارەکان لە شەقامەکانی زێدی خۆی، ئەسکەندەریەی میسر، بازرگانییەکەی دەستپێکرد. پاشان لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەکەیەوە پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی خاشقچی لە سعودیە دروست کرد و لە ساڵی 1966 بوو بە ڕاوێژکاری یەکێک لە دەوڵەمەندترین پیاوەکانی جیهان بە ناوی سوڵتان برونێی.

ئەلفاید لە ساڵی 1974 ڕووی لە بەریتانیا کردووە و دوای پێنج ساڵ لەگەڵ برایەکی بە ناوی عەلی بە 20 ملیۆن پاوەند، هۆتێلی پاریس ڕیتزیان کڕیوە و لە ساڵی 1985 گروپی بازرگانی هارۆدزیان بە 615 ملیۆن پاوەند کڕیوە..

لە ساڵی 2010 ئەلفاید، هارۆدزی بە سندوقی سەروەت و سامانی قەتەر فرۆشت و نزیکەی نیوەی پارەکەی بۆ دانەوەی قەرزەکانی کۆمپانیاکە بەکارهێنا.

محەممەد ئەلفاید هەروەها لە ساڵی 1987دا دەزگای خێرخوازی ئەلفایدی بۆ باشترکردنی ژیانی گەنجانی هەژار و زۆر نەخۆش دامەزراند.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG