وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند گەڕاندنەوەی 95 کەس لە کەمپەکانی هۆل و ڕۆژ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن کۆماری قرغیزستانەوە هەنگاوێکی گرنگی دیکەیە بەرەو چارەسەرکردنی ئاستەنگە مرۆیی و ئاسایشییەکان لە ناوچەکەدا.
ئەمە دووەم جارە لە ماوەی ئەمساڵدا قرغیزستان ژن و منداڵی خێزانانی داعش وەربگرێتەوە. مانگی دوو 59 ژن و منداڵی گەڕاندەوە بۆ وڵاتەکەی.
ماثیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "نزیکەی 35 هەزار کەس کە زۆربەیان منداڵن و تەمەنیان لە خوار 12 ساڵەوەیە، خەڵکی زیاتر لە 60 وڵاتی جیاوازن، لە هەردوو کەمپی هۆل و ڕۆژ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ماونەتەوە. گوتی گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان تاکە ڕێگەچارەیە.
گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتیشی "ئەمەریکا پشتگیری لە گەڕانەوەی هاووڵاتیانی قیرغستان دەکات و ئامادەیە هاوکاری وڵاتانی دیکەش بکات لە هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانیان بۆ وڵاتەکانیان."
میلەر هەروەها گوتی "سوپاسی هاوبەشە ناوخۆییەکانمان دەکەین، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کوەیت بۆ پشتیوانییان لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکانی هۆل و ڕۆژ بۆ وڵاتەکانیان."
لەم ساڵدا زیاتر لە 2390 کەس لەو کەمپانە گەڕێنراونەتەوە بۆ وڵاتانی خۆیان، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە مرۆییەکان و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی توندوتیژی و توندڕەوی زیاتر لە ناوچەکەدا.
سەرچاوە/ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا