Accessibility links

لە عێراق پێنج کەس بە تاوانی کوشتی مامۆستایەکی ئەمەریکایی سزا دەدرێن


بەرپرسانی عێراق ڕایانگەیاند، دادگای تاوانەکانی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە لەسەر کوشتنی هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی لە بەغدا لە ساڵی ڕابردوودا، سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەر پێنج کەسدا سەپاند.

ستیڤن ئێدوارد ترۆلی تەمەن 45 ساڵ، خەڵکی ویلایەتی تێنسی، لە مانگی نۆڤەمبەردا کاتێک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی بوو لە گەڕەکی کەڕرادەی بەغدا تەرقەی لێکراو کوژرا.

ئەمەش کوشتنێکی دەگمەنی کەسێکی بیانی بوو لە عێراق، کە لەم ساڵانەی دواییدا بارودۆخی ئەمنی باشتر بووە.

محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو کاتەدا کوشتنەکەی بە "تاوانێکی ترسنۆکانە لە دژی هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی و دانیشتووی وڵاتەکەمان کە لەنێو کۆمەڵگادا ناسرابوو" ناودێر کرد.

پاسەوانێک کە لەو گەڕەکە پێشکەوتووەی بەغدادا کاردەکات کە ترۆلی تێدا دەژیا، لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو کە ئەم ئەمەریکاییە هەموو بەیانیەک لەکاتی ڕۆشتنی بۆ کارەکەی بە زمانی عەرەبی سڵاوی لێدەکرد و لەلایەن دراوسێ عێراقییەکانییەوە زۆر ڕێزی لێدەگیراو و خۆشەویست بوو.

کاربەدەستان ئاماژەیان بەوەش کردووە، پێنج کەسە سزادراوەکە لە زینداندان، لە کاتێکدا چەند کەسێکی دیکەش کە لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەکەدا داواکراون، هەڵاتوون.

دوو بەرپرسی هەواڵگری عێراقی کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، ڕایانگەیاندووە، لە کوشتنەکەدا کەسێکی ئێرانی و چوار عێراقی سزادراون. ناسنامەی ئەو ئێرانییە بە ناوی محەمەد عەلی ڕەزا ڕاگەیەندراوە. بەرپرسان ناوی عێراقییەکانیان نەخستەڕوو.

یەکێک لە بەرپرسەکان وتی تۆمەتبارەکان لە کاتی دادگاییکردنەکەدا دانیان بەوەدا ناوە کە لەکاتی ڕفاندنیدا بە هەلە تەقەیان لە ترۆل کردووە . ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ئەمەریکاییە بە دوو ئۆتۆمبێل هێرشیان کردووەتە سەر و لە هەر ئۆتۆمبێلێکدا چوار کەسیان تێدابووە، ئەوانی دیکەش چاودێرییان کردووە.

ترۆل لە پەیمانگای جیهانی ئینگلیزی کاری کردووە، کە قوتابخانەیەکی زمانە لە گەڕەکی حارثیە لە بەغدا، کە لە ژێر چاودێری ڕێکخراوی فریاگوزاری و گەشەپێدانی ملینیەمی بنکە لە تەکساس کار دەکات.

سەرچاوە: ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG