زیاتر لە دوو ڕۆژە دارستانەکانی پارێزگای چاناککالێ لە تورکیا ئاگریان گرتووە و تا ڕۆژی چوارشەممەش ئاگرەکە بەردەوامە بوو، هەوڵەکانی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان تا ئێستا بێ ئەنجام بووە.
ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنە دەکات و بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی تورکیا، تاکو ئێستا 9 گوندی نزیک لەو دارستانە، بە تەواوی چۆڵ کراون.
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند زیاتر لە هەزار و 200 کەس لە نۆ گوندی نزیک لەو دارستانە ماڵەکانیان چۆڵ کردووە .
ئاگرکەوتنەوەکە لە ڕۆژی سێشەممە 22ی مانگی هەشتەوە لە پارێزگای چاناککالێ دەستپێکردووە، بەرپرسان دەڵێن هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بەرزی پلەی گەرما و هەوای وشک و ڕەشەبای ناوچەکەیە.
دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن تا بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ئاگرەکە نزیکەی 1500هێکتار زەوی لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیەدا گرتووەتەوە و 48 کەسیش بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکە نەخۆش کەوتوون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.
هەروەها بەهۆی بەردەوامی ئاگرەکە، هاتوچۆی دەریایی کەشتیەکان لە دەریای ئیجەوە بۆ دەریای مەڕمەڕە ڕاگیراوە.
ئەمە جاری یەکەم نیە دارستانەکانی تورکیا ئاگر دەگرن، ساڵی ڕابردوو، 203 ئاگری گەورە دارستانەکانی 31 پارێزگای تورکیای گرتەوە کە بەهۆیەوە هەزاران هێکتار زەوی دارستانەکان زیانیان بەرکەوت و 149 کەس بریندار بوون و سێ کەسیش گیانیان لەدەستدا.
لە ساڵی 2021 یشدا بە هەمان شێوە ئاگر لە دارستانەکانی 53 پارێزگای تورکیا کەوتەوە و بەو هۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و پێنجسەد کەسیش بریندار بوون.