لەشکری ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت سەرکردەیەکی هێزەکانی ئەمەریکا سەردانی سوریای کردووە و لەوێ چووەتە کەمپی هۆل و کەمپی ڕۆژ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
نێوەندی فەرماندەیی لەشکری ئەمەریکا (CENTCOM) دەڵێت لە 21 ی مانگی هەشت ژەنەڕاڵ مایکڵ کوریلا ناسراو بە ئێرک ئەو گەشتەی ئەنجام داوە.
هەروەها دەشڵێت سەردانەکەی ئەو کەمپانە بە مەبەستی کۆبونەوە بووە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی کەمپەکان و دانیشتوانیش " تا لە نزیکەوە هەڵسەنگاندن بکردێت بۆ بارودۆخی مرۆیی ئێستای ئەو کەمپەکان، باشترکردنی بەردەوامی ئاسایشی کەمپەکان و گێڕانەوەی خەڵکەکە بۆ وڵاتی خۆیان و هاتنەوە سەرخۆ و هەوڵەکانی تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە بۆ ئەوەی بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتی خۆیان."
ژەنەڕاڵ کوریلا گوتیشی "هەوڵە بەردەوامە فرەنەتەوەییەکانمان بۆ گەڕاندنەوەی دانیشتوانی کەمپەکان بۆ وڵاتانی خۆیان نەک تەنها ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە باشتردەکات، بەڵکو لەوەش گرنگتر ئەم قەیرانە مرۆییە کەمتر دەکاتەوە." گوتیشی "ئەمەریکا، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و هاوپەیمانی جیهانی سەرجیان بەردەوامە لەسەر شکستی هەمیشەیی داعش، لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی ئاستەنگە مرۆیی و ئەمنییەکان دەبنەوە لە کەمپەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا."
لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاتر لە57 هەزار ژن و منداڵی بنەماڵەکانی داعش هەن کە لە کەمپ و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا دانراون.
لەسەدا 65یان منداڵن کە 37 هەزار کەسی بیانی لە 60 وڵاتی جیاوازەوە هاتوون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ساڵی 2022 تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، 887 منداڵ و ژنی داعش ڕادەستی وڵاتەکانیان کراون کە 667یان منداڵن.
پرۆسەی گەڕانەوەی ئەو خەڵکە زۆر خاوە و بووەتە نیگەرانی بۆ هێزە کوردییەکانی کە ناوچەکە بەڕێوە دەبەن. نەتەوە یەکگرتووەکانیش چەندین جار داوای لە وڵاتان کردووە هاووڵاتیانی خۆیان بگێڕنەوە بۆ وڵاتەکانیان.