Accessibility links

هەسەدە: لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە ڕەقە ڕێبەرێکی داعش دەکوژرێت


هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەری تایبەتی خۆیان بڵاویانکردەوە، هێزەکانیان فەرماندەیەکی داعشیان لە شاری ڕەققە کوشتووە.

هەسەدە ڕایگەیاند لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی دژ بە پاشماوە و شانە شاراوەکانی داعش، یەکینەکانی دژە تیرۆری سەر بە هەسەدە کە بە (یات) ناسراون بە هاوکاری و بەشداری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی دژە تیرۆر هەرێمی کوردستان (CTG)، ئۆپەراسیۆنێکیان لە سەنتەری شاری ڕەقە ئەنجام دا.

ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکە سەرکردەیەکی باڵای داعش بوو بە ناوی (ئیبراهیم ئەلعەلی) کە بە "ئەبی موجاهید" ناسراوە و ئەمیری ڕێکخستنەکانی داعش بووە لە ناوچەی ڕۆژهەڵات.

لە بەیاننامەکەی هەسەدەدا هاتووە کە بە وردی چاودێری و بەدواداچوون بۆ ئەمیرەکەی داعش دەکرا و هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان چاودێری دیاریکردنی شوێنی مانەوەی میرەکەی کردووە.

دەشڵێت: "یەکینەکانی دژە تیرۆر ئەو ماڵەیان کردە ئامانج کە ئەبو موجاهیدی لێی بوو، لە کاتی ئۆپراسیۆنەکەدا ئەو تەقەی لە ئەندامانی یەکەی هەسەدە کردووە، ئەوانیش ناچار بوون وەڵام بدەنەوە و بەو شێوەیە ئەو ئەمیرەی داعش کوژرا".

هەسەدە دەشڵێت "هێزەکانمان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستیان بەسەر کۆمەڵێک چەک و کەرەستەی سەربازیدا گرتووە کە لەلای ئەو ئەمیرە بوون ".

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کوژرانی سەرکردەکەی داعش لە ناوچەی ڕۆژهەڵات پشتڕاست دەکاتەوە و ڕایگەیاند هێزەکانی هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان بەردەوام ئۆپەراسیۆن لە دژی شانەکانی داعش ئەنجام دەدەن.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چالاکییەکانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی سووریا بە تایبەتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سووریا زیادی کردووە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان سەرباز و چەکداری ڕژێمی سووریا بە دەستی چەکدارانی داعش کوژراون.

سەرچاوە: هەسەدە/ ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ

XS
SM
MD
LG