ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سوریا بڵاوی کردەوە، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوی کەنار ڕێگا لە پارێزگای دەرعا ڕۆژنامەوانێکی تەلەفزیۆنی سوریا و دوو سەرباز کوژراون.
تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ڕایگەیاند "پەیامنێر فیراس ئەلئەحمەد لە تەلەفزیۆنی (تایبەتی) سەما و دوو ئەندامی هێزە چەکدارەکانمان بەهۆی تەقینەوەکە کوژراون لەکاتی گەڕانەوەیاندا لە ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگاکە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "تیرۆریستان" بۆمبەکەیان چاندبوو.
دەرعا بنکەی سەرهەڵدانەکەی ساڵی 2011 بوو دژی دەسەڵاتی سەرۆک بەشار ئەسەد، بەڵام لە ساڵی 2018دا گەڕایەوە ژێر کۆنترۆڵی دیمەشق بەپێی ڕێککەوتنێکی ئاگربەست کە ڕووسیا پشتگیری لێکرد.
ساڵانێکە پارێزگاکە بەهۆی توندوتیژییەوە وێران بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گروپی ئازادی ڕۆژنامەگەری، پەیامنێرانی بێ سنوور، لە ساڵی 2011ەوە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە سوریا لانیکەم 279 ڕۆژنامەنووس لە سوریا کوژراون.
ململانێکان بوون بەهۆی کوژرانی زیاتر لە 500 هەزار کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی نیوەی دانیشتوانی سوریا.