Accessibility links

ترامپ لە بەردەمی دادوەر تۆمەتەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 ڕەتدەکاتەوە


دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە دادگا و لە بەردەمی دادوەر ئەو چوار تۆمەتەی ڕەتکردەوە کە لە دژی تۆمارکراون و پەیوەستن بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 و هێرشی لایەنگرانی بۆ سەر کۆنگرێس لە 6 ی یەکی 2021دا.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا پاش نیوەڕۆی پێنجشەممە گەیشتە واشنتنی پایتەخت و لە دادگای فیدرالی لە بەردەم دادوەر خانم مۆکسیلا ئوپادیایا ڕەتیکردەوە ئەو چوار تۆمەتەی ئەنجام دابێت کە بریتین لە "پیلانگێڕی بۆ فێڵکردن لە ئەمەریکا، پیلانگێڕی بۆ ڕێگریکردن لە پرۆسەیەکی فەرمی، ڕێگریکردن و هەوڵی ڕێگریکردن لە پرۆسەیەکی فەرمی، پیلانگێڕی لە دژی مافەکان."

لایەنگرانی و نەیارانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە بەردەم دادگای فیدراڵی لە واشنتنی پایتەخت گردبوونەتەوە ، پێنجشەممە 3 ی مانگی هەشتی 2023
لایەنگرانی و نەیارانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە بەردەم دادگای فیدراڵی لە واشنتنی پایتەخت گردبوونەتەوە ، پێنجشەممە 3 ی مانگی هەشتی 2023


سەرەتا دادوەر خانم مۆکسیلای بە ڕەچەڵک هیندی خاڵ بە خاڵی تۆمەتەکان و سزاکانی ئەو تۆمەتانەی بۆ ترامپ خوێندەوە و لێی پرسی ئایا لە وردەکارییەکانی تۆمەتەکان تێگەیشتووە یان نا.

وێنەیەکی بە دەستکێشراو کە ساتی سوێندخواردنی دۆناڵد ترامپ لە بەردەم دادوەرخانم مۆکسیلا ئوپادیایا پیشان دەدات، پێنجشەممە 3 ی هەشتی 2023
وێنەیەکی بە دەستکێشراو کە ساتی سوێندخواردنی دۆناڵد ترامپ لە بەردەم دادوەرخانم مۆکسیلا ئوپادیایا پیشان دەدات، پێنجشەممە 3 ی هەشتی 2023


پاشان ترامپ لەسەر پەڕاوی تۆمەتەکان واژویکرد کە بێ تاوانە. دادوەریش لای خۆیەوە ڕایگەیاند کە دانیشتی داهاتوو لەسەر ئەم تۆمەتانە لە 28 ی مانگی هەشت دەبێت، وە سەرۆکی پێشووی ئاگادارکردەوە بابەتی ئەم تۆمەتانە لەگەڵ شایەتحاڵەکان باس نەکات و ئەگەر مەرجەکانی دادگا پێشێلبکات، ئەوا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەدرێت.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی ڕیگن لە نزیک واشنتن لێدوان بۆ ڕۆژنامەوانان دەدات، پێنجشەممە 3 ی مانگی هەشتی 2023
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی ڕیگن لە نزیک واشنتن لێدوان بۆ ڕۆژنامەوانان دەدات، پێنجشەممە 3 ی مانگی هەشتی 2023


دواتر، دۆناڵد ترامپ دادگای جێهێشت و بە کەژاوەی ئۆتۆمبیلەکانی بەرەو فڕۆکەخانەی ڕیگن لە نزیک واشنتن گەڕایەوە کە لەوێ فڕۆکەکەی چاوەڕێی دەکرد بەرەو ویلایەتی نیوجێرزی بەرێتەوە. بەر لەوەی سواری فڕۆکەکەی بێت لێدوانێکی کورتی بۆ میدیاکان دا و وتی ئەمە "ڕۆژی زۆر غەمگینە بۆ ئەمەریکا" ، وتیشی ئەوەی ڕوودەدات زۆرداری و ستەمە لە دژی نەیارێکی سیاسی دەکرێت، ئەمە نەدەبوو لە ئەمەریکا ڕووبدات.

دیموکراتەکان لای خۆیانەوە ڕەتیدەکەنەوە هیچ دەستێوەردانێکیان هەبێت لە سیستەمی دادوەری وڵاتەکەدا. بەڵام کۆمارییەکان دەڵێن ئەمە هەوڵێکی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک بایدنە بۆ لێدانی سیاسی لە دۆناڵد ترامپ هەتا گرفتی بۆ دروستبکەن لە هەوڵەکانی بۆ بوونەوە بە سەرۆکی ئەمەریکا.

ئەو چوار تۆمەتەی کە لە 45 لاپەڕە لەلایەن جاک سمیث، لێکۆڵەر و نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دادەوە ئاڕاستەی سەرۆکی پێشوو کراون، سزاکانیان زیندانیکردنە.

دادوەر خانم مۆکسیلا ئوپادیایا، لە دایکبووی ویلایەتی گوجەراتی هیندستانە و لە ئەمەریکا گەورەبووە و بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسا بەدەستهێناوە.

سەرچاوە / بەشێک لە زانیارییەکان لە هەردوو ئاژانسی فڕانس پرێس و ڕۆیتەرزەوە وەرگیراون.

XS
SM
MD
LG