Accessibility links

لیوا ڕوکن بەختیار : پەیوەندی نێوان تیمی یەکێتی و پارتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە پچڕاوە


ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پەیوەندی نێوان تیمی یەکێتی و پارتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە زۆر خراپە، کاری پێکەوەیی نەماوە و یاسا و ڕێساکان پێشێل دەکرێن.

لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"پەیوەندی نێوان تیمی یەکێتی و پارتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە پچڕاوە و ڕێز و حورمەت نەماوە، وەزعێکی زۆر خراپە."

ڕەنگدانەوەی خراپی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و گواستنەوەی بۆ نێو وەزارەتی پێشمەرگە لەکاتێکدایە، هێزەکانی هاوپەیمانان لە ساڵی 2018 ەوە سەرقاڵی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بە نیشتمانیکردنین.

ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی و ڕەنگدانەوەی لە نێو وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتووەتە ئاستێک، نزیکەی ساڵێکە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە وەزارەتەکەی دەوام ناکات، لە کاتێکدا هێشتا دەست لەکارکێشانەوەکەشی قبوڵ نەکراوە.

بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە
بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە

لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە پشکی یەکێتیە، دەڵێت"بریکاری وەزیری پێشمەرگە فەرمانێکی دەرکردووە و وتویەتی، دەبێت پشکی یەکێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە 57٪ بۆ پارتی و 43٪ بۆ یەکێتی بێت. منیش بە نووسراوی فەرمی وەڵامم دایەوە. ئەو دەسەڵاتەی نییە بڕیارێکی لەو جۆرە بدات و 50 بە 50 کاتی خۆی و لە دۆخێکی سیاسیدا بڕیاری لێدراوە."

هەروەها وتیشی"بڕیارەکەی بریکاری وەزارەت کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی و هێزەکانی 70و 80 ش دەبێت، کاریگەریشی لەسەر جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەشتن دەبێت کە بە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزارەتە پەیوەندییدارەکان و هاوپەیماناناوە، هەشت لایەن واژووی کردووە."

بەپێی وتەی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، پەیامی ئەوەی گەیاندووەتە بریکاری وەزارەتەکەی لە پشکی پارتی، ئەگەر پێشتر بیرۆکەی زیادکردنی پشکی پارتیتان هەبووە بە رێژەی 57٪ بەرامبەر بە 43٪ ، دەبووایە پێش واژووکردنی یاداشتی لێکتایگەشتنەکە قسەیان کردبا.

لیوا ڕوکن بەختیار وتی"بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی یاداشتە واژوو کراوەکەی نییە، چونکە دەسەڵاتی وەزیری پێشمەرگەشی نەدراوەتێ."

سەبارەت بە وەڵامی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا ڕوکن بەختیار دەڵێت، "بریکار وتی [ لەسەرەوە ئەمەم پێوتراوە و حزبەکەم ڕازی نابێت بە 50 بە 50 ، چونکە خەڵکمان زیاترە و کورسی پەرلەمان و جوگرافیای زیاترمان بەدەستەوەیە.] ئێمەش وتمان پەرلەمان نەماوە و حکومەت چووەتە قۆناغێکی تایبەتەوە، با هەڵبژاردن بکرێت، دواتر لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی تازە ئەم دۆخە موناقەشە دەکەین، لەم کاتەدا کە جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، هەست ئەکەین ئەم داواکارییە وەکو بۆمب وایە و متمانە ناهێڵێت، دۆخە سیاسییەکە ئاڵۆزتر دەکات."

کۆتایی مانگی ڕابردوو، جێگری یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هۆشداری وڵاتەکەی گەیاندە بەرپرسانی هەرێم لە ڕاوەستانی هەنگاوەکان بۆ یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.

لیوا ڕوکن بەختیار، وتی"هاوپەیمانان وەکو کورد و یەک هێز دەیانەوێت مامەڵەمان لەگەڵ بکەن، کێشەکە ناو خۆمانە لای ئەوان نییە، ئەوانیش گلەییان هەیە."

ئەو وتیشی"بریکاری وەزارەت دەڵێت وەکو پارتی 50 بە 50 قبوڵ ناکەین، یەکێتیش دەڵێت 57 بە 43 قبوڵ ناکەین، بۆیە دواجار کێشەی تر دروست دەبێت."

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا،
لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، پێیوایە تەنها چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی وەزارەتی پێشمەرگەی تێکەوتووە، دانانی وەزیرێک بۆ وەزارەتەکە و ڕێگرتنە لە شۆڕبوونەوەی ناکۆکی سیاسی بۆ نێو وەزارەتی پێشمەرگە، وتی"دەبێت بگەڕێینەوە بۆ جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەشتن و کاری پێکەوەیی، نەک تاکڕەویی."

XS
SM
MD
LG