Accessibility links

سەرچاوەیەکی حکومەتی هەرێم: عێراق لە کۆی 400 هەزار موچەخۆری پێشمەرگە تەنها موچەی 23 هەزار پێشمەرگە دەدات


Peshmerga
Peshmerga

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، حکومەتی عێراق مانگانە تەنها موچەی 23 هەزار پێشمەرگە دابین دەکات، لە کاتێکدا ژمارەی کارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە بە خانەنیشینەوە سەرووی 400 هەزار موچەخۆرە.

سەرچاوەکەی ئەنجومەنی وەزیران کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "حکومەتی عێراق موچەی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە خەرج ناکات و مانگانە تەنها موچەی 23 هەزار پێشمەرگە خەرج دەکات، ئەمەش بارگرانییەکی ترە بۆ سەر حکومەتی هەرێم."

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، بودجەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی بەرگری 9 تریلیۆن و 764 ملیار دینارە. پشکە موچەی ساڵانەی وەزارەتی پێشمەرگە لەم بڕە پارەیە، 228 ملیار و 304 ملیۆن دینارە.

لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم بۆ موچەی کارمەندان و هێزەکانی پێشمەرگە مانگانە پێویستی بە 133 ملیار دینارە، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی عێراق بۆ وەزارەتەکە تەرخانیکردووە مانگانە نزیکەی 19 ملیار دینارە.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.

بەڵام شوان محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "تەنها لە چوارچێوەی هێزە وشکانییەکانی عێراقدا پارە بۆ پێشمەرگە تەرخانکراوە و پارەکە بەشی 23 هەزار پێشمەرگە دەکات."

ئەو وتیشی،"هەرێم ناچارە لە پشکە بودجەی خۆی موچەی تەواوی کارمەند و هێزەکانی پێشمەرگە بدات."

تەرخانکردنی بڕێکی کەم پارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ موچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەکاتێکدایە، بەپێی دەستوری عێراق پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق و ئەرکی پارێزگاریکردنی لە هەرێم پێ سپێردراوە.

تەرخانکردنی موچە بۆ تەنها 23 هەزار پێشمەرگە لە کۆی سەرووی 400 هەزار پێشمەرگە و خانەنیشینی پێشمەرگە لە هەرێم، هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی هاوپەیمانان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و خەرجکردنی بڕی 20 ملیۆن دیناری مانگانە بۆ موچەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کە ژمارەیان 14 لیوایە.

یادگار مەحمود، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی بڕی پارەی تەرخانکراو لەلایەن عێراقەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەو بڕە پارەی بۆ پێشمەرگە تەرخانکراوە زۆر کەمە. عێراق بەو پێیەی هێزی دەریایی نییە، پارەی پێشمەرگەی لە چوارچێوەی هێزە وشکانییەکاندا جێکردۆتەوە و بڕەکەی یەکناگرێتەوە لەگەڵ ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگەدا."

تەرخانکردنی موچە بۆ 23 هەزار پێشمەرگە لە کۆی سەرووی 400 هەزار موچەخۆری وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن عێراقەوە لە کاتێکدایە، چەندین جۆر هێزی جیاواز لە هەرێم بوونیان هەیە و لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە موچە وەردەگرن، کە پارەکەی عێراق بەراورد بە ژمارەکانیان زۆر کەمترە.

هێزەکانی 70ی یەکێتی و 80ی پارتی ئەو هێزانەن کە ژمارەیان لە هەزاران پێشمەرگە پێکدێت و لەسەر پشکی وەزارەتی پێشمەرگە موچە وەردەگرن. بەڵام تاکو ئێستا لە ژێر فەرمانی حزبدان و هاوپەیمانان دەیانەوێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕێکیان بخەنەوە.

پێشتر هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا چەندین جار نیگەرانیان لە خاوی پرۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە دەربڕیوە. سەرەتای ساڵی 2021، هاوپەیمانان نزیکی دوو مانگ ئەو 20 ملیۆن دۆلارەیان نەنارد و دوایانخست. ئەو کات، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە هۆکاری گەڕاندەوە بۆ نیگەرانی ئەمەریکا لە خاوی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە باڵادەستی حیزبی یەکێتی و پارتی لە ناو هێزەکەدا.

هەینی ڕابردووش، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای گوت، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا هۆشداریداوەتە بەرپرسانی هەرێم لە بەرامبەر ئاستەنگەکانی بەردەم چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و داوای هێنانەوەی شۆڕش ئیسماعیلی وەزیری پێشمەرگەی کردووە بۆ ڕاییکردنی کاروبارەکانی.

دیارنییە لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی ئەم داوایە لە لایەن بەڕێوبەرانی هەرێمەوە هەڵوێستی ئەمەریکا چۆن دەبێت.

عەلی حەمە ساڵەح، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "وەزارەتی پێشمەرگە بە خانەنیشینەکانییەوە سەرووی 400 هەزار موچە خۆری هەیە. مادام عێراق تەنها پارەی بۆ 23 هەزار پێشمەرگە تەرخانکردووە، دەبێت هەرێم لە پشکی گشتی خۆی دابەشکاری بکاتەوە و نەقسی موچە چارەسەر بکات."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە لیوا بەختیار محەمەد ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە و جەمال ئیمنکی سوپاسالاری پێشمەرگەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکانیان بەردەست نەبوون.

XS
SM
MD
LG