Accessibility links

پاشماوەی کەشتییەکی بارهەڵگری ڕۆمای کۆن لە کەناراوەکانی نزیک ڕۆما دەدۆزرێتەوە



دەزگای پۆلیسی بەشی هونەر و میراتی ئیتاڵیا ڕۆژی هەینی، 28ی مانگی حەوت، ڕایگەیاند پاشماوەی کەشتییەکی بارهەڵگری ڕۆمای کۆن کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە کەناراوەکانی نزیک ئەو شارە دۆزراوەتەوە.

کەشتییەکە لە نزیک بەندەری چیڤیتاڤێکیا کە نزیکەی 80 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای پایتەختی ئیتاڵیا دوورە، لە قوڵایی 160 مەتری ئاوی دەریاکە دۆزرایەوە.

کەشتییەکە کە مەزەندەدەکرێت درێژییەکەی زیاتر لە 20 مەتر بووبێت، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یەکەم یان دووەمی پێش زایینی، هەڵگری سەدان گۆزەی کۆنی ڕۆمایە کە زۆربەیان وەک خۆی ماونەتەوە و تێکنەچوون.

پۆلیسی ئیتاڵیا دەڵێت "ئەم دۆزینەوە ناوازەیە نموونەیەکی گرنگە لە پاشماوەی کەشتییەکی ڕۆمای کۆن کە لە کاتی هەوڵدانی بۆ گەیشتن بە کەناراوەکان، ڕووبەڕووی مەترسییەکانی دەریا بووەتەوە و نوقم بووە. هەروەها ئاماژەیە بۆ ڕێڕەوی بازرگانی دەریایی کۆنیش".

بەگوێرەی پۆلیسی ئیتاڵیا، داروپەردووی کەشتییەکە لە ڕێگای بەکارهێنانی ڕۆبۆتێکی کۆنترۆڵکراو لە دوورەوە، دۆزراوەتەوە و وێنەی گیراوە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG