لە تورکیا لەسەر بڕیاری داواکاری گشتی ئامەد، ڕۆژی دووشەممە پێنج ڕۆژنامەوان لە ئامەد، ئانکەرە، ئەستەنبوڵ و ئزمیر دەستگیرکران.
ڕۆژنامەوانە دەستگیرکراوەکان بریتین لە پەیامنێرانی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا فیرات جان ئەرسلان و دەلال ئاکیوز، سەرنووسەری ئاژانسی بیانەت، ئەڤریم کەپەنەک، لە ماڵپەڕی T24، سیبەل یوکلەر، و پەیامنێری ماڵپەڕی دوڤار، ئەڤریم دەنیز. هەر پێنج کەسەکە لە ماڵەکانی خۆیان بوون کاتێک لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانەوە دەستگیرکران.
ئەم ڕۆژنامەوانانەی کە هەواڵی گۆڕینی کاری داواکارانی گشتییان لە تویتەر بڵاوکردبووەوە، بە تۆمەتی ئەوەی "ئەو بەرپرسانەی دەوڵەتیان کردۆتە ئامانج کە بەشدارییان لە شەڕی دژی تیرۆردا کردووە" دەستگیرکراون.
داواکاری گشتی ئامەد کە ساڵێک لەمەوبەر فەرمانی دەستگیرکردنی 18 ڕۆژنامەوانی کوردی دەرکرد، هاوسەری ئەندامێکی ئەو دەستەی دادوەرییە بوو کە بڕیاری دەستگیرکردنی 15 ڕۆژنامەوانی کوردی دەرکرد. ئەو ڕۆژنامەوانانە بۆ ماوەی ساڵێک زیندانی کران و لە 11ی مانگی شەس، لە یەکەم دانیشتنی دادگادا ئازادکران.
دوای ئەم دۆسیەیە ئەنجوومەنی باڵای دادوەران و داواکارانی گشتی ناسراو بە (HSYK) بڕیاریدا کە داواکارە گشتییەکە و هاوسەرەکەی لە ئامەدەوە بچن بۆ شارێکی دیکە. پەیامنێری ئاژانسی مێزۆپۆتامیا فیرات جان ئەرسلان هەواڵێکی سەبارەت بە بڕیاری لادانی ئەوان بڵاوکردەوە.
چوار ڕۆژنامەوانی دیکە کە هاوکات لەگەڵ ئەرسلان دەستگیرکراون هەواڵەکەی ئەرسەلانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردبووەوە.
داواکاری گشتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەر پێنج ڕۆژنامەوانەکە دەرکرد کە بۆچی هەواڵێکیان لەسەر گواستنەوەکەیان بڵاو کردووەتەوە ، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو ڕۆژنامەوانانە داواکاری گشتی و دادوەرەکەیان کردووەتە ئامانج.
فیرات جان ئەرسلان دەستگیرکرا. هاوکات دەلال ئاکیوز، سیبەل یوکلەر و ئەڤریم دەنیز لە ژێر چاودێری دادوەریدا ئازادکران و تا ئێستاش ئیفادەی ئەڤریم کەپەنەک بەدەست نەهێنراوە.
سەندیکای ڕۆژنامەوانانی تورکیا (TGS)، پلاتفۆرمی ڕۆژنامەوانانی ژنی میزۆپۆتامیا، کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی دیجلە و فورات، کۆمەڵەی ڕاگەیاندن و یاسا (MLSA) ئەو ئۆپەراسیۆنەی دژ بەو ڕۆژنامەنوسانەیان لە سۆشیال میدیا شەرمەزار کرد.
کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی دیجلە و فورات لە بەیاننامەیەکی نووسراودا ڕایگەیاند، ئاساییە ڕۆژنامەوانان لە کاتی دیاریکردنی کاری داواکاری گشتی و دادوەردا هەواڵ بڵاوبکەنەوە.
''ئەگەر ناوی دیار لەنێوانیاندا هەبێت، هەواڵی تایبەت لەسەریان دەبێت. ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە، ڕۆژنامەوان بەکرێ دەگرن بۆ ئەوەی ئەم هەواڵانە دروست بکەن. بانگەوازی ئێمە بۆ ڕێکخراوە ڕۆژنامەوانەکان ئەوەیە کە دەنگیان بەرز بکەنەوە بەرامبەر بە بڕیاری نایاسایی و فشارەکان لەسەر ڕۆژنامەنوسان."
هەروەها سەرۆکی ڕێکخراوی MLSA، ڤەیسەل ئۆک، ئۆپەراسیۆنەکەی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند، هاوسەری داواکاری گشتی کە تۆمەتی 15 ڕۆژنامەوانی ئامادە کردووە، ئەندامی هەمان دۆسیە بووە و شایەنی ئەوەیە هەواڵ لەسەری بڵاو بکرێتەوە.
دەشڵێت "ئەو ڕۆژەی ئەو ڕۆژنامەوانانە دادگایی کران، پارێزەرەکەیان ڕەسوڵ تەمور ئەم ڕاستییەی هێنایە بەردەم دادگا و ڕایگەیاند، ئەو ئەندامەی دەستەی سوێندخواردن هاوسەری داواکاری گشتی تۆمەتبارکردنەکەیە. ئەم نزیکییە دەتوانێت ببێتە هۆی بڕیارێکی نادادپەروەرانە و داوای کردووە دادوەر لە دۆسیەکە دووربخرێتەوە، بەڵام داواکارییەکەی ڕەتکرایەوە."
ئۆک بەردەوام لە سۆشیال میدیا ڕایگەیاندووە کە پەیوەندی نێوان داواکاری گشتی و دادوەرەکان دەبێت بەپێی ڕێساکانی دادکاییکردنی ڕەوا بێت.
ئۆک لە درێژەی قسەکانیدا وتی" ئەگەر ئەم پەیوەندییە دژی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێت، شایەنی ئەوەیە هەواڵێک لەسەر ئەم ڕاستییە دروست بکرێت و ئەمەش تاوان نییە."
سەندیکای ڕۆژنامەوانانی تورکیا ڕایگەیاند تا 12ی شەش 20 ڕۆژنامەوان لە زیندان بوون و بە پێی پێوەرەکەی ساڵی 2023 تورکیا لە کۆی 180 وڵاتدا لە پلەی 165هەیمین دایە.