Accessibility links

لە ئێران سزای لەسێدارەدانی گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ ڕادەگیرێت و دۆسێکە ڕەوانەی دادگا دەکرێتەوە  


میدیا ناوخۆییەکانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند، دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی گەنجێکی تەمەن 23 ساڵی هەڵوەشاندووەتەوە کە بە تاوانی کوشتنی پۆلیسێک لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ڕابردوودا سزادرابوو.

ئێران لە کاتی سەرکوتکردنی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە پاش کوژرانی ژینا ئەمینی، لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو لە کاتێکدا لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە دەستبەسەرکرابوو، سەریهەڵدا، کۆمەڵێک سزای لەسێدارەدانی دەرکرد کە هەتا ئێستا حەوت لەو سزایانە جێبەجێ کراون و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە سەرکۆنە کراون.

محەمەد قوبادلوو لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی " بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، دوای ئەوەی دادگا بە تاوانی ئەوەی بە ئۆتۆمبێل "هێرشی کردووەتە سەر ئەفسەرانی پۆلیس، کە یەکێکیان کوژراوە"، لەکاتی خۆپێشاندانێکی ناڕەزایەتیدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.

ئاژانسی هەواڵی مهری ئێرانی لە زاری تیمی بەرگریی قوبادلوو بڵاویکردەوە، "دادگای باڵا حوکمی لەسێدارەدانەکەی دژی قوبادلووی هەڵوەشاندەوە و دۆسیەکەی ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری نوێ کرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی پەیوەست بە تەندروستی دەروونییەوە".

بنەماڵەی قوبادلوو داوای پێداچوونەوەیان بە سزاکە و لێخۆشبوون کردووە لە سەر بنەمای ئەوەی کە دەڵێن کوڕەکەیان کێشەی دەروونی دووجۆر کەسایەتی هەیە.

دەیان ئەفسەری پۆلیس لە نێو ئەو سەدان کەسەدا بوون کە لە کاتی خۆپیشاندانە نارەزایەتییەکاندا کوژران، کە تاران بە "ئاژاوە" ناوی بردووە و دەڵێت لەلایەن حکومەتە بیانییەکانەوە هاندرابوون.

دەسەڵاتداران هەزاران کەسیان لەو خۆپیشاندەرانە دەستگیرکرد.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG