Accessibility links

خانمی یەکەمی ئەمەریکا دەڵێت شانازی دەکات بە گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ ناو ڕێکخراوی یونسکۆ  


جێڵ بایدن، خانمی یەکەمی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، لەگەڵ سەرۆک جۆو بایدنی هاوسەری شانازی دەکەن بەوەی وڵاتەکەیان گەڕاوەتەوە بۆ نێو ڕێکخراوی یونسکۆ، دەزگای کولتوری نەتەوە یەکگرتووەکان، کە واشنتن لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆکی پێشوو ترامپ لێی کشایەوە.

لە وتارێکیدا لە بارەگای یونسکۆ لە پاریس، خاتو بایدن لە یەکەم سەردانی فەرمی خۆیدا بۆ فەرەنسا، لەوەتای جۆو بایدن بووە بە سەرۆکی ئەمەریکا، گوتی "هەوڵەکانی واشنتن بۆ بەهاکانی وەک دیموکراسی، یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ " ئاسانتر بووە بەهۆی ئەوەی ئەمەریکا بەشێکە لە کۆمەڵگەی جیهانی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمەریکا ناتوانێت بە تەنیا ئەو کارە بکات، بەڵام دەبێت یارمەتیدەر بێت لە پێشەنگیکردنی ڕێگەکە، هەر بۆیە شانازی بە پەیوەست بوونەوەمان بە یونسکۆوە دەکەین."

دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ساڵی 2017 ڕایگەیاند، ئەمەریکا لە یونسکۆ دەکشێنێتەوە، وە ڕێکخراوەکەی بە لایەنگریکردن لە دژی ئیسرائیل تۆمەتبار کرد. بڕیارەکە لە ساڵی 2018 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئۆدری ئازۆلای، وەزیری پێشووی ڕۆشنبیری فەرەنسا کە لە ساڵی 2017ەوە سەرۆکایەتی یونسکۆ دەکات، گەڕاندنەوەی ئەمەریکای کردە پێشینەی کارەکانی.

مانگی ڕابردوو لە دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجومەنی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە زۆرینەی دەنگ گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ ناو ڕێکخراوەکە پەسەند کرا، بەڵام دەنگی ناڕازیش هەبوو، بە تایبەتی چین و ڕووسیا.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە ئەندامی دامەزرێنەری یونسکۆیە، تا ساڵی 2011 بەشدارێکی سەرەکی بوو بۆ دابینکردنی بودجەی ئەو ڕێکخراوە، کاتێک ئەو دەزگایە فەلەستینی وەک وڵاتی ئەندام وەرگرت.

ئەوەش بووە هۆی کۆتایی هاتنی بەشدارییەکان بەپێی یاسای ئەمەریکا، کە لە ئەنجامدا بووە هۆی ڕاگەیاندنی فەرمی کشانەوەکە شەش ساڵ پاش ئەوە.

ئەمەریکا هەتا ساڵی 2011 کە هاوکارییەکانی ڕاگرت، بەردەوام نزیکەی 22% ی بودجەی یونسکۆی دابینکردبوو کە دەکاتە 75ملیۆن دۆلار.

کۆنگرێسی ئەمەریکا لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو ڕێگەی بۆ بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک بایدن خۆشکرد بۆ گەڕاندنەوەی بودجەی یونیسکۆ و بڕی 150 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کرد.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە مانگی سێدا ڕایگەیاند، ئامادەنەبوونی ئەمەریکا لە یونسکۆ، ڕێگەی بۆ چین خۆشکردووە کە یاساکان لەسەر ژیری دەستکرد دابڕێژێت.

ئەمەریکا پێشتر لە ساڵی 1984 لە یونسکۆ کشابووەوە - لە سەردەمی سەرۆک ڕۆناڵد ڕەیگن- و دوای نزیکەی 20 ساڵ لە مانگی دەی ساڵی 2003 پەیوەندی بەو ڕێکخراوەوە کردەوە.

مانگی ڕابردوو ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، واشنتن لە ساڵانی داهاتوودا پارە دەداتە یونسکۆ تا قەرزەکانی بداتەوە.

یونسکۆ کە بنکەکەی لە پاریسە، ڕێکخراوی پەروەردەیی و زانستی و ڕۆشنبیریی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

کارەکانی بریتین لە تۆمارکردنی لیستی شوێنەوارە جیهانییەکان، بەرگریکردن لە ئازادی ڕۆژنامەگەری، پێشخستنی گەشەپێدانی بەردەوام و بەڕێوەبردنی بەرنامەکانی پەروەردە.

پێشتریش ڕۆژی سێشەممە جیل بایدن لەگەڵ خانمی یەکەمی فەرەنسا بریجیت ماکرۆن لە کۆشکی ئێلیزێ کۆبووەوە.

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە گەشت بکات بۆ گۆڕستانێکی ئەمەریکایی لە باکووری ڕۆژئاوای فەرەنسا، بۆ ڕێزگرتن لە سەربازە ئەمەریکاییەکانی کە لە جەنگی جیهانی دووهەمدا گیانیان لەدەستداوە.

قۆناغی کۆتایی گەشتەکەی بایدن بریتییە لە سەردانی دورگەی مۆنت سانت میشێل کە شوێنێکی کەلەپوری جیهانییە و لە ناوچەی نۆرماندی باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەدایە.

سەرچاوە فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG