Accessibility links

ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆنفرانسی لۆزان


لیژنەی بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی لۆزان کە بەبۆنەی 100 ساڵەی پەیماننامەی لۆزان ڕێکخرابوو، ڕۆژی دووشەممە ئەنجامی کۆتایی کۆنفرانسە سێ ڕۆژییەکەی ڕاگەیاند.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕۆژی کۆتایی کۆنفرانسەکە لە لۆزانی سویسرا، لیژەکە جەختی کردە سەر گرنگی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ داواکانی گەلی کورد و هەروەها دەڵێت "کۆنفرانس داوا لەو وڵاتانە دەکات کە واژۆیان لەسەر پەیماننامەی لۆزان کردووە پشتگیری گەلی کوردستان بکەن و ھاوکار بن لە چارەسەر کردنی ئەو کێشە مێژووییە و پشتیوانی مافی ڕەوای گەلەکەمان بن، چیتر پشتیوانی داگیرکەرانی کوردستان نەکەن".

پاشان ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆنفرانسەکە بڵاو کرایەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

"کۆنفرانسی سەد ساڵەی لۆزان بەسترا.

لەو جێگایەی بەر لە سەد ساڵ بڕیاری ئینکارکردنی گەلی کوردو مافەکانی لە چوارچێوەی پەیماننامەی شومی لۆزان درا.

کۆنفرانس بە چڕو پڕی لێکەوتەو دەرئەنجامەکانی پەیمانی لۆزان تاوتوێ کراو لەھەموو رووەکانەوە لێکدانەوە بۆ لێکەوتە خراپەکانی کرا.

کۆنفراس پێشنیارو راسپاردەکانی بەشێوەیەکی زانستی و یاسایی گەڵاڵە کرد بە جۆرێک لەگەڵ ھەلومەرجی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بگونجێ و پۆڵێنی ئەرک و بەرپرسیارێتیەکان کرا.

کۆنفراس خەباتی گەلی کوردستان بۆ بەدیھێنانی مافە رەواکانی و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی لۆزان بە ڕەوا زانی.

کۆنفرانس داوا لەو وڵاتانە دەکات کە واژۆیان لەسەر پەیماننامەی لۆزان کردوە کە پشتگیری گەلی کوردستان بکەن و ھاوکار بن لە چارەسەر کردنی ئەو کێشە مێژووییە و، پشتیوانی مافی رەوای گەلەکەمان بن. چیتر پشتیوانی داگیرکەرانی کوردستان نەکەن.

لە ھەمان کاتدا داوا لەو دەوڵەتانە دەکەین کە بەپێی پەیماننامەی لۆزان کوردستانیان بەسەردا دابەش کرا، دەرگای چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی گەلی کوردستان و کێشەی خۆشیان بکەنەوە.

لەکۆتاییدا کۆنفراس سوپاسی ھەمو بەشداربوانی کرد و بڕیاری لەسەر پێکھێنانی کۆمسیۆنێکی کارا دا بۆ بەدواداچوون و پلانڕێژی و لەسەر کۆی پرسەکانی پەیوەست بە لۆزان و، تەواوی پێشنیارو راسپاردەو ئەرکەکانی بەم جۆرەی خوارەوە دابەشی سێ ئاستی ناوخۆیی و ناوچەویی و نێودەوڵەتی کرد.

یەکەم:— لە ئاستی نێودەوڵەتی

1- پێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی پشتیوانی داوای گەلی کوردستان بێت لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە بۆ بەدیھێنانی مافی چارەنووس.

2- لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کۆمسیۆنێکی نێونەتەوەیی دروست بکرێت، کە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانی تێدابێت، ئەو کۆمسیۆنە لەگەڵ دەوڵەتانی بەشداری پەیمانی لۆزان پەیوەندی دروست بکات بۆ هەلومەرجی دیالۆگ و ڕێگای ئاشتیخوازانه لەپێناو چارەسەری دۆزی کورد بەپێی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ.

3- کورد ببێتە ئەندامی چاودێر لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، بۆ ئەم مەبەستە ھەنگاوی کرداری بنرێت.

4- ھەوڵ بدرێت ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە ببن بە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی. لە پێناو پاراستنی گەلی کوردستان لە تاوانە نێودەوڵەتیەکان.

5- دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نیشتمانی ھاوبەشی کوردستانی بۆ چالاکی دیبلۆماسی و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم ئەنجام نامەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

6- لەماوەی سەد ساڵی لۆزاندا چەندین پرۆسەی قڕکردن و کۆمەڵکوژی و تاوانی نێودەوڵەتی دەرھەق بە گەلی کوردستان ئەنجام دراوە، پێویستە وڵاتانی واژۆکەری لۆزان قەرەبووی ئەو تاوانانە بکەنەوە. دڵنییاش فەراھەم بکەن بۆ رێگەگرتن لە روودانەوەی تاوانی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەگەلی کوردستان. بە پشت بەستن بە یاسای قەدەغەکردن و سزادانی تاوانی نێودەوڵی.

7- رێگری کردن لە ھێرشی ئاسمانی دژ بەگەلی کوردستان بەگشتی و لە رۆژئاواو ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی. بە دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

یان لەگەڵیدا ھێزی ئاشتی پارێزی نێودەوڵەتی لە نێوان تورکیاو رۆژئاوای کوردستان جێگیر بکرێت لە پێناو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

8- لەپێناو دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و دەستەبەر کردنی سەقامگیریی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دایەلۆگەوە داواکارین بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و گیراوانی تری سیاسی ئازاد بکرێن.

دووەم:— لە ئاستی ناوخۆیی کوردستان

1- پاراستن و پێشخستنی بەرژەوەندیە باڵا نیشتمانیەکانی کوردستان لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندیە کەسی و سیاسیەکان.

2- وەلانانی ناکۆکیە سیاسیە ناوخۆییەکان و کارکردن بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ناکۆکیە ناوخۆییەکان.

3- دەستوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆیی بەشەکانی کوردستان و بەئەولەویەتگرتنی پاراستنی و پشتگیری لەقەوارەی ھەرێمی کوردستان و خۆ بەڕێوەبەری رۆژاڤا، پێکھێنانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەرێمی کوردستان و خۆبەڕێوەبەری رۆژئاڤا بۆ ھەماھەنگی ھاوکاری لەبواری سیاسی و ئابوری و کەلتوری و کۆمەڵایەتی. راپەڕاندنی ئەرکە ھاوبەشەکان.

4- بانگەواز دەکەین بۆ سازدانی کۆنفرانسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و پێکھێنانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش بۆ دانانی ستراتیژو پلانی خەبات و تێکۆشان لە ئاستی ھەر چوار پارچەی کوردستان.

5- مسۆگەرکردنی پاراستنی تایبەتمەندی و رێزگرتن لە پێکەوە ژیانی پێکھاتەکانی خەڵکی کوردستان و بەھەموو نەتەوەو ئاین و ئاینزاکان.

6- نرخاندن و ھاندانی خەباتی ئازادی ژنان ھاوشانی پیاوان لە پێناو برەو دانی زیاتر بەو خەباتە نمونەییە لەناو کۆمەڵی کوردستاندا.

سێیەم:— لەئاستی ناوچەیی و ئەو وڵاتانەی کوردستانی بەسەردا دابەش کراوە:

1- پارچەکانی کوردستان لەناو سنوری دەوڵەتی سوریاو تورکیا بە فەرمی بناسرێن لە ناو تورکیا و سوریادا بەو دیڤاکتۆیەکیەی کە خۆیان دەخوازن پەسەند بکرێن.

2- ئەو دیڤاکتۆ خۆبەڕێوبەری کوردستان لە ناو ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و بەتایبەتی نەتەوە یەگگرتوەکان دانی پێدا بنرێت و بەفەرمی بناسرێت.

3- بۆ گەیشتن بە ھەموو ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان پێویستە بەھەموو شێوەیەک یەکێتی و یەک دەنگی لە ئاستی باڵادا پێک بھێنرێت، شکاندنی سەردەمی پەیمانی لۆزان بەتەنیا بە رێکەوتنی ناوخۆیی دەسەلمێنرێت و دەچەسپێت.

4- داخوازیەکی جدی لە دەوڵەتی تورکیا دەکرێت بە بەڵێنەی لە پەیمانی لۆزاندا بە کەمیایەتیەکانی نا موسڵمان دراوە بێ جیاوازی و ھەڵاوێردەکردن جێبەجێ بکرێت.

5- ئێزیدی و یارسانەکان کە لەناو کاتاگۆری نا موسڵماندان ناساندنی فەرمیان پەسەند بکرێت، بە جۆرێک ئەو مافەی بۆ رۆم و ئەرمەنی و سریانی وکلدانی قبوڵ کراوە بۆ کوردانی ئێزیدی و یارسانەکان پەسەند بکرێت.

6- پێویستە لەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان ھەریەک نوسینگەیەکی تایبەت بە پەیمانی لۆزان و لێکەوتەکانی و ئەرکەکان بەرابەری بکرێتەوە.

7- ئۆرگانێکی راوێژکاری و رێنیشاندەر لە نێوان بەشەکانی کوردستان دروست بکرێت، لە پێناو ھۆشیاروی بەرچاو روونی و پلاندانانی ھاوبەش.

7- داواکارین لە ھەردوو دەسەڵادارانی ھەرێمی کوردستانی عیراق و رۆژئاوای کوردستان دەکەین، ھەموو گرفتەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و لە بەرامبەردا ھەموو تێکەڵاویەکی سیاسی و کەلتوری و ئابوری کۆمەڵاتی لەنێوان خۆدا پیادە بکەن. بە پشت بەستن بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان لە فەرمی ناسینی کانتۆنەلانی رۆژئاوای کوردستان.

9- لەپێناو دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و دەستەبەر کردنی سەقامگیریی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دایەلۆگەوە داواکارین بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و گیراوانی تری سیاسی لە تورکیا ئازاد بکرێن.

10 - بە پێی مادەی 140ی دەستوری ھەمیشەیی عیراق چارەسەری کێشەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم بکرێت و رەچاوی تایبەتمەندی ناوچە تەعریبکراوەکان بکرێت.

سەرکەوتوو دەبێت ئیرادەی گەلی کوردستان

نەمری بۆ شەھیدانی رێگای ئازادی خەڵکی کوردستان."

XS
SM
MD
LG