لە یەکەم یاری جامی جیهانی تۆپی پێی خانمانی 2023، نیوزیلاندی میوانداری مۆندیالەکە لەو وڵاتەی بردەوە کە لە ساڵی 1995دا جامەکەی بردەوە.
یاری دەستپێک لە نێوان نیوزیلاند و نەرویجدا بوو لە گروپی A کە بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر لە بەرژەوەندی نیوزیلاند کۆتایی پێهات.
لەولاشەوە لە گروپی B وڵاتی دووهەمی میوانداری پاڵەوانێتیەکە، ئوسترالیا بە گۆڵيکی بێ بەرامبەر لە ئێرلەندای بردەوە. بەو پێیەش هەردوو وڵاتی کە بە هاوبەشی میوانداری ئەم مۆندیالە دەکەن یەکەم بردنەوەی مۆندیالەکەیان تۆمار کرد.
ئەمە نۆهەمین خولی جامی جیهانی تۆپی پێی خانمانە کە یەکەم جار لە ساڵی 1991 لە چین بەڕێوە چوو، بۆ یەکەم جاریشە 32 هەڵبژاردە بەشداری تیادا بکات کە بە شێوەیەکی بەرچاوە ژمارەی هەڵبژاردنەکان بە بەراورد بە مۆندیالی ڕابردوو کە 24 هەڵبژاردە بوو، زیادیکردووە.
لە یارییەکەی ڕۆژی پێنجشەممە لە ئۆکلاندی پایتەختی نیوزیلاند، بەر لە دەستپێکی یاریەکە بۆ یەک خولەک ئامادەبووان بێ دەنگ بوون، وەک رێز گرتنێک لە گیانی دوو هاووڵاتی سیڤیل کە لە ڕووداوی تەقەکردن لە شەوێک پێش دەستپێکردنی مۆندیالەکە کوژرابوون. ئەو ڕووداوی تەقەکردنە لە شوێنێکی نزیک لە هۆتێلەکانی مانەوەی تیمەکان بوو.
مێژووی تۆپی پێی ژنان پڕە لە ڕووداو و کێشمەکێش تا گەیشتووەتە ئەم ئاستەی کە یاریزانانی ژن لەو یارییە پڕ کێبڕکێیەدا داوای یەکسانی بوون لە ئەرک و ماف لە هەمبەر یاریزانانی پیاو دەکەن کە زۆر جار گرێبەستی پیاوان لەو بوارەدا دەگاتە ملیۆنان دۆلار.
یاری تۆپی پێ بۆ ژنان ڕاوبۆچوونی جۆراوجۆری لەسەر بووە، تەنانەت خودی فیفا( فیدراسیۆنی تۆپی پێ ) لەگەڵیاندا نەرم نەبووە. بە پێی سەرچاوە هەواڵییەکان، فیفاش لە ساڵی 1921 دا ئەو یاریەی بۆ ژنان لە یاریگای فەرمیدا قەدەغە کردبوو، لە ژێر پاساوی ئەوەی کە تۆپی پێ بۆ ژنان گونجاو نییە و پێویستیش ناکات کە هان بدرێن. تا ساڵی 1971 ئەو گەمارۆیە لەسەر یاری فەرمی تۆپی پێی ژنان هەبوو.
دوای دەیان ساڵی هەوڵ و کۆششی بەردەوامی ژنان، ئێستا ئەو کارەش وەک هەر بوارێکی تر هەوڵ دەدرێت دیدێکی یەکسانیخوازانەی بە بەردا بکرێت. هەرچەندە لە ڕووی داراییەوە هێشتا شیانی هەمبەری کردنی مووچەی ژنان و پیاوان نییە لەو بوارەدا.
نەک هەر لەو ڕوەشەوە هێشتا لە زۆر وڵاتانی دنیا هاندەری یاری تۆپی پێی ژنان لە چاو پیاواندا مایەی بەراورد کردن نییە، هەروەها ئامادەیی ژنانیش بۆ بەشداریکردن لەو یارییە و هەوڵدان بۆ بوون بە ئەستێرە تا ڕادەیەک زۆر کەمەترە لە پیاوان.
لە یاریەکەی ئوسترالیا و ئێرلەندا کە لە سدنی بەڕێوە چوو، نزیکەی 76 هەزار هاندەر ئامادەی یاریەکە بوون، هەروەها لە یاری نێوان نیوزیلاند و نەرویجیش زیاتر لە 42 هەزار هاندەر ئامادە بوون.
دواهەمین پەرەسەندنەکان بۆ بەدیهێنانی ئەو یەکسانیە لە نێوان پیاوان و ژناندا، لە ئەمەریکاوە سەریهەڵدا پاش ئەوەی لە ساڵی 2019دا 28 ئەندامی تیمی نیشتمانی تۆپی پێی ژنانی ئەمەریکا سکاڵایان لە دژی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمەریکا تۆمار کرد بەهۆی نایەکسانی لە نێوان مووچەکانی ئەوان و یاریزانە پیاوەکاندا، لە کاتێکدا ژنانی ئەمەریکا لە دەستپێکی جامی جیهانی ژنان لە ساڵی 1991 وە تا ئێستا چوار جار خاوەنی جامی جیهانی تۆپی پێی خانمان بوون، بەڵام تیمی پیاوانی ئەمەریکا لەوەتای ساڵی 1930 وە هیچ کات یەکەمی پاڵەوانێتێکە نەبوون.
پاشان فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمەریکا بڕیارێکی مێژوویی دا کە یاریزانانی ژنان و پیاوان لە ئەمەریکا موچە و خەڵات بە یەکسانی وەربگرن، تەنانەت ئەو بڕە پارەیەش کە بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالدا وەری دەگرن.
لە جامی جیهانی 2023دا، ئەمەریکا لە گروپی E ، یەکەم یاری ڕۆژی هەینی لەگەڵ تیمی وڵاتی ڤێتنام ئەنجام دەدات.
جێی باسە وڵاتانی میوانداری جامی جیهانی تۆپی پێی 2023 یاریگەکانیان بە شێوازێکی زۆر سەرنجڕاکێش ئامادە کردووە. یارییەکان لە 4 شاری نیوزیلاند و 5 شاری ئوسترالیا بەڕێوە دەچن.