Accessibility links

ئەو کەسەی مۆڵەتی پێدرابوو بۆ سووتاندنی تەورات و ئینجیل، لە کارەکەی پاشگەز دەبێتەوە


ئەحمەد عەلووش
ئەحمەد عەلووش

چالاکوانێکی موسڵمان کە مۆڵەتی سووتاندنی کتێبی پیرۆزی تەورات و ئینجیلی لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید وەرگرتبوو، ڕەتیکردەوە ئەو کارە بکات.

ئەحمەد عەلووشی تەمەن 32 ساڵ، کە بڕیار بوو پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە 15ی مانگی حەوت کتێبی پیرۆزی جووەکان و مەسیحییەکان بسوتێنێت، ڕایگەیاندووە کە مەبەستی لە وەرگرتنی مۆڵەتی سووتاندنی ئەو کتێبە پیرۆزانە و دواتر وازهێنانی لەو کارە، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بووە سەبارەت بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز.

مانگی ڕابردوو سووتاندنی قورئانێک لەلایەن پەنابەرێکی عێراقییەوە لەبەردەم مزگەوتێکی شاری ستۆکهۆڵم، شەپۆلێکی ئیدانەکردنی سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان کە زۆرینەیان موسڵمانن، لێکەوتەوە.

عەلووش لە کاتی دیاریکراودا بۆ سووتاندنی کتێبە پیرۆزەکانی تەورات و ئینجیل لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل دەرکەوت و لە کاتێکدا قورئانێکی بەدەستەوە بوو، گوتی هەرگیز نیازی سووتاندنی تەورات و ئینجیل نەبووە و تەنها ویستوویەتی سووتاندنی قورئان بەو شێوەیە سەرکۆنە بکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەگەر من تەورات بسوتێنم، کەسێکی تر ئینجیل و قورئان بسوتێنێت، ئەوا شەڕ ڕوودەدات. ئەوەی من ویستم نیشانی بدەم ئەوە بوو کە ئەم کردەوەیە کارێکی دروست نییە."

پۆلیسی سوید هەینی،14ی مانگی حەوت ڕایگەیاند مۆڵەتیان داوە بە کەسێکی تەمەن 30 بۆ 40 ساڵ کە تەورات و ئینجیل لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل بسوتێنێت.

ئەم کارەی پۆلیسی سوید لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و کەسایەتی و ڕێکخراوە جیهانیەکانی جووەکانەوە بە توندی سەرکۆنە کرا.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڕیارەکەی سوید بە "شەرمەزارکەر" ناوبرد و بە توندی سەرکۆنەی کرد و گوتی "دەبێت ڕێز لە کتێبە پیرۆزەکانی هەموو ئایینەکان بگیرێت".

مشتومڕەکان سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین و ڕێزگرتن لە بیروباوەڕی ئایینی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا قورسایی زۆری خستوەتە سەر کۆمەڵگەی سوید. بەو پێیەی یاسای سوید ڕێگە بە سووتاندنی کتێبە پیرۆزەکان دەدات، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەسەڵاتێکی یاسایی کەمیان هەیە بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی ئەو جۆرە کردەوانە.

سەرچاوە/ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG