Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان شکست دەهێنێت لە درێژکردنەوەی مۆڵەتی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی سوریا


ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە شکستی هێنا لە گەیشتن بە کۆدەنگی لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی ڕێڕەوی سەرەکیی یارمەتییەکانی سووریا، ئەمەش میکانیزمێکی گرنگ دەخاتە مەترسییەوە بۆ پشتیوانی کردن لە ملیۆنان کەسی کە زۆر پێویستیان بەو هاوکارییانەیە.

ڕووسیا لە میانی دەنگدانێکدا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ڤیتۆی درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی بۆ ماوەی نۆ مانگ کرد و پاش ئەوەش ئەنجومەنەکە سەرکەوتوو نەبوو لە بەدەستهێنانی دەنگی پێویست بۆ درێژکردنەوەی بۆ ماوەی شەش مانگ.

ئەو ڕێککەوتنەی بە ناوبژیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرابوو و ڕێگەی بە گەیاندنی هاوکاری لە ڕێڕەوێکی وشکانییەوە لە تورکیاوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی یاخیبووان لە سوریا دەدا ڕۆژی دووشەممە ماوەکەی بەسەرچوو.

زۆرێک لە ئەندامانی ئەنجومەن لەوانەش ئەمەریکا، بەریتانیا و فەرەنسا داوای درێژکردنەوەی ساڵێکی تەواویان کردووە، بەڵام پشتگیریان لە سازانێکی نۆ مانگ کردووە کە لەلایەن سویسرا و بەرازیلەوە پێشنیارکرابوو.

بەڵام ئەم پێشنیازە لەلایەن ڕووسیا ڤیتۆ کرا و پێشنیارەکەی ڕووسیا بۆ درێژکردنەوەی بۆ ماوەی شەش مانگ تەنها پشتیوانی چینی مسۆگەر کرد.

لیندا تامس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤیتۆی ڕووسیای بە "کردەوەیەکی دڕندەیی تەواو" ناوبرد.

ڤاسیلی نەبێنزیا، نوێنەری ڕووسیا، وڵاتانی ڕۆژئاوای بە "بەتەواوی پشتگوێخستنی" بەرژەوەندییەکانی گەلی سووریا تۆمەتبار کرد و گوتی "بە ئەنقەست" ڕووسیایان ورووژاندووە بۆ ڤیتۆ.

ئەو 15 ئەندامەی ئەنجوومەنی ئاسایش ماوەی چەند ڕۆژێک بوو هەوڵیان دەدا سازشێک بدۆزنەوە بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە، کە لە ساڵی 2014ەوە ڕێگەی داوە خۆراک و ئاو و دەرمان بە بارهەڵگرەکان بەرەو باکووری ڕۆژئاوای سووریا بەبێ مۆڵەتی دیمەشق بگوازرێنەوە.

دەنگدانەکە کە سەرەتا بڕیار بوو هەینی ئەنجام بدرێت، دواخرا بۆ ڕۆژی دووشەممە و پاشان دیسانەوە بۆ سێشەممە.

ئەمەش بەو مانایەیە کە بەهۆی ئەوەی کاروانە مرۆییەکان شەوی دووشەممە ئۆپەراسیۆنەکانیان کۆتایی پێهێناوە، داهاتووی ڕێڕەوی یارمەتییەکان ڕوون نییە و ناتوانن دەست بە کارەکانیان بکەنەوە تاوەکو نەتەوە یەکگرتووەکان مۆڵەتیان پێنەداتەوە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG