Accessibility links

ڕێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە تەواوبووندایە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش نیگەرانە



نەتەوە یەکگرتووەکان ڕادەگەیەنێت "نیگەران"ە لەمەڕ پاراستنی ڕێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا، کە ڕەنگە لە ماوەی دوو هەفتەدا هەڵبوەشێتەوە و مەتسی بۆ سەر ئاسایشی خۆراک بۆ لاوازترین وڵاتانی جیهان مەترسی دروست بکات.

دەستپێشخەری دانەوێڵەی دەریای ڕەش کە ئامانجی کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراکی جیهانییە، بڕیارە لە 17ی مانگی حەوت کۆتایی پێبێت، مەگەر ڕووسیا، کە لە مانگه 2ی 2022 وە هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکردووە، ڕازی بێت بۆ نوێکردنەوەی.

مۆسکۆ تا ئێستاش ناڕازییە لە کارپێکردنی ڕێککەوتنەی هاوتایە لەگەڵ ڕێککەوتنێک بۆ هەناردەکردنی خۆراک و دانەوێڵەی ڕووسیاش و ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە هیچ هۆکارێک نابینێت بۆ درێژکردنەوەی.

ڕێبێکا گرینسپان، سەرۆکی ئاژانسی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان UNCTAD لە جنێڤ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەوانان گوتی " بێگومان ئێمە نیگەرانین، چونکە ئەو دوو ڕێککەوتنەی لە ئەستەنبوڵ واژۆ کراون زۆر گرنگن بۆ ئاسایشی خۆراک و بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتووی باشووری جیهانی."

مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا نێوەندگرییان کرد لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا و دەستپێشخەری گەنمی دەریای ڕەش لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا واژۆ کرا، بەپێی دەستپێشخەرییەکە ئۆکرانیا توانی دووبارە گەنمەکانی لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە هەناردەی دەرەوە بکاتەوە.

UNCTAD لایەنێکی سەرەکی بوو لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکان.

سەرەتا ڕێککەوتنێکی 120 ڕۆژی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوودا کرابوو, پاشان سێ جار درێژکرایەوە.

ڕێککەوتنەکەی نێوان مۆسکۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامانجی ئاسانکارییە بۆ هەناردەکردنی خۆراک و دانەوێڵەی ڕووسیا، کە سزاکانی ڕۆژئاوا نایانگرێتەوە کە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا بەسەر مۆسکۆدا سەپێنراون.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG