Accessibility links

ئەمەریکا ستراتیژی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە سوریا دیاری دەکات


Syria Assad's Amphetamines
Syria Assad's Amphetamines

هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاپۆرتێکی ئاراستەی کۆنگرێس کرد و تیایدا باس لە ستراتیژییەتی خۆی دەکات بۆ ڕێگریکردن لە بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لە سوریا.

وەزارەتەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ وەزارەتی بەرگری (پەنتاگۆن)، وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی، فەرمانگەی سیاسەتی نیشتمانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان و چەند دەزگایەکی دیکەی حکومەتی ئەمەریکا، ستراتیژییەکی هاوبەشی داڕشتووە بۆ ڕێگەگرتن لەو تۆڕانەی کە ماددە هۆشبەرەکان لە سوریا دروست دەکەن و دابەشی دەکەن.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سوریا بووەتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بەتایبەتی کاپتاگۆن. ئەم مادەە بەهێزە بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات بۆ ڕژێمی سوریا و هاوپەیمانەکانی.

وڵاتانی دەوروبەری سوریا و کەنداو دەڵێن بڵاوبوونەوەی کاپتاگۆن کە لە سوریاوە دێت قەیرانێکی گەورەی لە نێوانیاندا دروستکردووە.

بەشێک لە ستراتیژی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی بازرگانی کاپتاگۆن، هاوکاریکردنی وڵاتانی ناوچەیی دەوروبەری سوریایە. بۆ نموونه ئه مەریکا له ڕێگەی ڕاهێنان و هاوکارییەوە هەوڵ دەدات هێزی ئاسیشی هاوبەش بەهێز بکات.

جگە لە مەشق و ڕاهێنان، ئەمەریکا بەنیازە پشتیوانی لە هەوڵە دیپلۆماسی و زانستییەکان بکات بۆ لێکۆڵینەوە لە بازرگانیکردن بە کاپتاگۆن و ماددە هۆشبەرەکانی دیکە کە سەرچاوەیان لە سوریایە و ئەم هەوڵانە لەگەڵ هاوپەیمانە ناوخۆییەکانی ئەمەریکا دەبێت لە ناوچەکەدا.

جۆن ساڵح
جۆن ساڵح

لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەنووس جۆن ساڵح کە لە واشنتۆن دەژی، باس لەوە دەکات دوای چەندین ساڵ لە شەڕ لە سوریا، ئەمەریکا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە سزاکانی بۆ سەر ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد ئامانجەکانی خۆی نەپێکاوە.

دەشڵێت "سەرەڕای سزاکان، ڕژێمی سوریا لەسەر پێی خۆی وەستاوە، چونکە توانی بە هاوکاری ڕوسیا و ئێران ئابوری خۆی بەڕێوەببات، هەروەها بە بازرگانی کاپتاگۆن".

ساڵح هەروەها دەشڵێت هاوکارییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی سوریا وەک لوبنان و ئوردن لە بواری زانیاری و ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەکانیان ڕەنگە ئەنجامێکی باشی هەبێت لە شەڕی دژی ئەو ماددە هۆشبەرە کە لە سوریاوە ڕەوانە دەکرێت.

دەقی وتووێژەکەی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ جۆن ساڵح:

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:31 0:00

XS
SM
MD
LG