بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا دەڵێن هەندێ زانیارییان دەستکەوتووە کە دەریدەخەن ژەنەراڵێکی باڵای ڕووسیا پێش یاخیبوونی گروپی ڤاگنەر، ئاگاداری پیلانی ئەو گروپە بووە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەو ژەنەراڵەی کە باسی لێوە دەکرێت، سێرگی سۆرۆڤیکین، فەرماندەی باڵای پێشووی ڕووسیایە لە شەڕی ئۆکرانیادا.
شرۆڤەکاران دەڵێن سۆرۆڤیکین سەرکردەیەکی سەربازی باڵایە و دوای هێرشی بەرپرچدانەوەی ئۆکرانیا لە ساڵی ڕابردووەدا، ناوبراو یارمەتیدەر بووە لە بەهێزکردنی بەرگریی ڕووسیا لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕەکەدا.
لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ژەنەڕاڵێکی دیکە لە شوێنی سۆرۆڤیکین دانرا، بەڵام ناوبراو وەک فەرماندەی گشتی هێزەکانی ڕووسیا کاریگەریی خۆی لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکانی جەنگدا پاراستوە و تا ئێستاش لە نێو سەربازەکاندا جێ ڕێز و خۆشەویستیە.
به پێی ڕاپۆرته کان لە ئێستادا به ڕپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا به دواداچوون دەکەن که ئایا سێرگی سۆرۆڤیکین هاوکاری پلانی یاخیبوونەکەی پریگۆژین بووه یان نا.
هەروەها بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە کە پێدەچێت ژەنەڕاڵەکانی دیکەی ڕووسیا پشتگیریان لە هەوڵە چەکدارییەکانی گروپی ڤاگنەر کردبێت بۆ گۆڕینی وەزیری بەرگری ڕووسیا.
هەروەها چەندین بەرپرسی پێشووی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە کە فەرماندەی ڤاگنەر، یەڤگینی پریگۆژین دەستی نەدەدایە ئەو کارە ئەگەر دڵنیا نەبووایە لەوەی کە کەسانی دیکە لە بازنەی ناوەوەی دەسەڵاتدا بە هانایەوە ناچن."
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕۆژی چوارشەممە دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین لەبارەی ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزەوە، لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە پرسیاری لێکراوە، ئەویش وەڵامی داوەتەوە کە "لە ئێستا بەدواوە قسە و باس و دەنگۆی دیکە لەسەر ئەم ڕووداوانە دەبێت و پێموایە ئەمە یەکێکە لەو نموونانەیە."
گروپە بەکرێگیراوەکەی ڤاگنەر کە پێشتر لە بەرەی ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا شەڕیان دەکرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دژی فەرماندەکانی سوپای ڕووسیا یاخی بوون، بەڵام یاخیبوونەکە بە "نێوەندگیری بێلاڕووس" کۆتاییپێهات.