Accessibility links

پۆلیس لە عێراق دەست بەسەر 250 هەزار حەبی کاپتاگۆندا دەگرێت

حکومەتی عێرقی ڕایدەگەیەنێت ڕۆژی چوارشەممە پۆلیسی وڵاتەکە 250 هەزار حەبی کاپتاگۆنی لە باڵەخانەی خوێندنگەیەکدا دۆزیوەتەوە. ئەم دەستبەسەرداگرتنە تیشک دەخاتە سەر زیادبوونی بەکارهێنانی ئەم ماددە هۆشبەرەی کە هاوشێوەی ئەمفیتامینە.

دەستبەسەرداگرتنەکە لە پارێزگای ئەلئەنبار لەسەر سنووری سوریا ئەنجامدراوە، ئەو وڵاتەی کە بە ناوەندی بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە کاپتاگۆن دادەنرێت و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕکردووە.

وەزارەتی ناوخۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، پۆلیس "دەستی بەسەر 250 هەزار حەبی کاپتاگۆن و یەک کیلۆ حەشیشدا گرتووە لە قوتابخانەیەکی شاری ڕەمادی کە لە نۆژەنکردنەوەدایە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ بەدواداچوون و دەستگیرکردنی ئەوانەی بەرپرسیارن، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

عێراق لە مێژە وڵاتێک بووە کە کاپتاگۆنی پێدا تێپەڕدەبێت، بەڵام بەرپرسان دەڵێن تادێت زیاتر دەبێتە بازاڕێکی بەکاربەر بۆ ئەو دەرمانە نایاساییە.

هێزە ئاسایشییەکانی وڵاتەکە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئۆپەراسیۆنەکانی ماددە هۆشبەرەکانیان چڕتر کردووەتەوە.

لە مانگی سێدا دەسەڵاتداران دەستبەسەرداگرتنی سێ ملیۆن حەبی کاپتاگۆنیان لە دەروازەی سنووری ئەلقائیم لەگەڵ سوریا ڕاگەیاند.

سوریا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی لە مانگی پێنجی ڕابردوودا ڕایگەیاند، ئامادەیە بۆ "بەهێزکردنی هاوکارییەکان" لەگەڵ ئوردن و عێراق، کە "بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و قاچاخچێتی لە سنووری سوریاوە کاریتێکردوون."

هەروەها سێ وڵاتەکە بەڵێنیان داوە "رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی".

This item is part of
XS
SM
MD
LG