وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند لەم مانگەدا ئەمەریکا کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ شارەزایانی چین و فەڕەنسا و ڕووسیا و بەڕیتانیادا ئەنجام داوە و تێیدا تاوتوێی پرسەکانی چەکی ئەتۆمی کراوە، بە کەمکردنەوەی مەترسییە ستراتیژییەکانیشەوە.
وەزارەتەکە وتی واشنتن لە 13-14 ی مانگی شەشدا لە قاهیرە میوانداری کۆبوونەوەیەکی کردووە کە هەریەک لە پێنج وڵاتەکەی خاوەن چەکی ئەتۆم بەشدارییان تێیدا کردووە، وتی کۆبوونەوەکە "لە چوارچێوەی گفتوگۆیەکی بەردەوامی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیدا" بووە.
وەزارەتەکە وتی شارەزایانی پێنج وڵاتەکە کە لە وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری ئەو وڵاتانەوە هاتبوون "تاوتوێی کەمکردنەوەی مەترسییە ستراتیژییەکان و ڕێباز و سیاسەتی ئەتۆمییان کردووە."
پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی کە لە ساڵی 1970 دا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، ئامانج لێی ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمییە و گرەنتیکردنی مافی ئەندامانی پەیماننامەکەیە بۆ پەرەپێدان بە وزەی ئەتۆمی بۆ هۆکاری ئاشتی.
پەیماننامەکە ڕێگەی بە پێنج وڵاتەکەی خاوەن چەکی ئەتۆم داوە جبەخانە ئەتۆمییەکانییان بهێڵنەوە. ئەمەریکا و بەڕیتانیا و ڕووسیا و چین و فەڕەنسا سەرجەمییان ئەندامی هەمیشەیین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز