Accessibility links

دوا ساتەکانی سەرنشینانی ژێردەریایی "تیتان" چۆن تێپەڕیوە؟


چیرۆکی گیانلەدەستدانی پێنج سەرنشینی ژێردەریایی " تیتان " کە هەر کامەیان بڕی 250 هەزار دۆلاریان دابوو بۆ بینینی پاشماوەی کەشتی تایتانیک لە قووڵایی چوار هەزار مەتری دەریا، بووەتە جێی سەرنجی میدیاکانی جیهان.

هەیمش هاردینگ ملیاردێری بەریتانیایی، شازادە داوود، بازرگانی پاکستانی و سولەیمان داوودی کوڕی، ستۆکتن ڕەش، دامەزرێنەر و سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆشن‌گەیت و پۆڵۆغی ناغژولێت، شارەزایەکی فەڕەنسایی بواری کەشتی تایتانیک پێنج سەرنشینی ژێردەریاییەکەی تیتان بوون.

لە نێو سەرنشینەکاندا تەنها سولەیمان تەمەنی 19 ساڵ بووە کە بە وتەی پووری هەستێکی باشی بۆ سەفەرەکە نەبووە، بەڵام بە بۆنەوەی ڕۆژی باوکەوە لەگەڵ باوکی ڕۆیشتووە.

ژێردەریایی تیتان کاتژمێر هەشتی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە 18ی مانگی شەش بەڕێکەوتووە و تەنها دوو کاتژمێری ویستووە بۆ ئەوەی بگاتە پاشماوەی کەشتی تایتانیک، بەڵام دوای چل و پێنج خولەک لە ڕۆشتن، پەیوەندی لەگەڵ کەشتی پشتیوانی لەدەستداوە.

پاسەوانی کەناراوەکان دەڵێت لە نزیکەی کاتژمێر 6ی پاشنیوەڕۆی یەکشەممە ئاگادارکراونەتەوە لە دیارنەمانی ژێردەریاییەکە.

هێزی دەریایی ئەمەریکا لە ڕێگای بەکارهێنانی داتای تۆڕێکی نهێنی ژێر ئاو کە بۆ بەدواداچوونی ژێردەریاییەکانی دوژمن داڕێژراون، هاوکاتی پچرانی پەیوەندی ژێردریاییەکە لەگەڵ کەشتی پشتیوانیدا، "دەنگێکی لە شێوەی تەقینەوە یان داڕمان" دەستنیشانکردبوو، بەڵام بەو پێیەی هیچ نیشانەیەکی تر لە تەقینەوەی ژێردەریاییەکە لەبەردەستدا نەبووە، گەڕانەکان لەگەڵ تیمەکانی ئەمەریکا، کەنەدا، فەرەنسا و بەریتانیا بەردەوام بوون بۆ دۆزینەوەی ژێردەریاییەکە.

لە کۆتاییدا لە پێنجەمین ڕۆژی گەڕانەکەدا، کاتێک نزیک بوونەوە لە تەواوبوونی ئۆکسجینی ژێردەریاییەکە، پاشماوە و پارچەکانی دۆزرایەوە.

دەیڤید ڕاسیل، ئەندامی پێشووی هێزی دەریایی بەریتانیا، بە "سکای نیوز"ی ڕاگەیاندووە سەرنشینەکان لەناو ژێردەریاییەکەدا لەو بەشەی کە دەبێت لە قووڵایی 4 هەزار مەتری دەریا بەرگەی پەستان بگرێت، دانیشتبوون.

دەشڵێت پارچە پارجەبوونی ژێردەریاییەکە بە مانای ئەوەیە کە سەرنشینەکان دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.

چەند نموونەیەکی دیجیتاڵ و ئەنیمەیشن لە تێکچوونی تیتان لە تیک تۆک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا بڵاوکراونەتەوە.

لە یەکێک لەو گرتە ڤیدیۆیانەدا دەردەکەوێت کە ژێردەریایی تیتان بەرەو بنی دەریا دەڕواتە خوارەوە و لەناکاو وەکو قوتویەک پارچە پارچە دەبێت.

لە وەسفی ڤیدیۆکەدا نووسراوە "ژێردەریاییەکە بە دابەزینێکی کتوپڕی پەستان، هەوای ناوەوەی بۆ پلەیەکی گەرمی نزیک لە پلەی گەرمی خۆر گەیاندووە."

ژمارەیەک لە شارەزا دەڵێن کەس ناتوانێت بە وردی دیاری بکات ئەو پێنج کەسە لە دوایین ساتەکانی ژیانیاندا چۆن ئەزموونێکیان هەبووە.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG