پلانی "پێداچوونەوە بە سزاکانی ئێران" کە داوا لە حکومەتی ئەمەریکا دەکات هەر جۆرە دانیشتنێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بخاتە بەردەستی کۆنگرێس، لە لایەن 33 ئەندامی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو پلانە کە پاڵپشتی ئەندامانی سیناتی هەروو پارتەکەی هەیە، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ناچارە هەر جۆرە "کەمکردنەوەیەکی نافەرمی سزاکانی پەیوەست بە ئێرانەوە" پێش پەسەندکردن بۆ پێداچوونەوە پێشکەش بە کۆنگرێس بکات.
یاسای پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کە لە ساڵی 2015 لە لایەن ئەنجومەنی سیناتی ئەمریکاوە بە 99 دەنگی ئەرینی بەرامبەر بە یەک دەنگی نەرینی پەسەند کرا، داوا لە سەرۆک کۆماری ئەمەریکا دەکات کە هەر جۆرە "ڕێککەوتنێکی فەرمی یان تەنانەت نیمچە فەرمی" لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بخاتە بەردەم کۆنگرێس.
سیناتۆر بیل هاگەرتی، ئەندامی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات کە یەکێک لە داڕێژەرانی ئەو پلانەیە، دەڵێت "بەو پێیەی ڕژێمی پشتیوانکەری تیرۆریستی ئێران بەدوای چەکی ئەتۆمیدا دەگەڕێت بۆ زیانگەیاندن بە ئەمەریکاییەکان و هاوبەش و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، ئەگەر سەرۆک بایدن درێژە بە هەوڵەکانی بدات بۆ لابردنی سزاکانی سەر ئێران، ئەوا دەبێت سەرەتا کۆنگرێس لەو ڕووەوە قەناعەت پێبکات".
سیناتۆر جیم ڕیش، ئەندامی باڵای لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات و یەکێک لە پشتیوانانی ئەو پلانە، گوتی "بەو پێیەی بەڕێوبەرایەتی بایدن لە بەرامبەر بەڵێنی جێگای گومانی کۆماری ئیسلامی بۆ پەرەنەدان بە چەکی ناوکی، بیر لە کۆماری ئیسلامی دەکاتەوە، ئەوە زۆر گرنگە کە کۆنگرێس ئاگاداری هەر جۆرە کەمکردنەوەیەکی سزاکان بێت."
ئەو ئەندامەی باڵای لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات گوتیشی "ئێران هێشتا چالاکانە بەشدارە لە پاڵپشتیکردنی ڕووسیا و هێرشکردنە سەر سەرباز و دیپلۆماتکارەکانمان و هەروەها بە توندوتیژیش بەردەوامە لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆی ئێران، بۆیە دەبێت کۆنگرێس دڵنیابێت لەوەی کە هەڵگرتن یان سووککردنی سزاکان ئەم چالاکییە ترسناکانە زیاتر ناکات."
سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا