داواکاری گشتی دادگای یەکەمی پایتەختی تونس ڕۆژی پێنجشەممە، بڕیاری ئازادکردنی ڕۆژنامەوانی ناسراوی تونس، زیاد ئەلهانی دەرکرد، پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بەو لێدوانانەی دایبوونی و تێیدا ڕەخنەی لە قەیس سعەید، سەرۆکی وڵاتەکەی گرت.
ئەلهانی بە بڕیاری دادوەرێک ڕۆژی سێشەممە بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە سەرۆک دەستگیرکرا، ئەمەش دوای ئەوەی لە بەرنامە ڕادیۆییەکەی ڕەخنەی لە سعەید گرت، .
ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت دەستگیرکردنەکە ئەو نیگەرانییانەی وروژاندەوە لە بارەی ئازادی ڕادەربڕین لە تونس لە پاش ئەوەی سعەید لە ساڵی 2021 پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە و دەسەڵاتێکی زۆری خستووەتە ژێر دەستی خۆی.
دەلیلە بن موبارەک، پارێزەری ئەلهانی وتی "زیاد ئەلهانی بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە، ئەوەی ڕووی داوە گاڵتەجاڕییە و ڕێبازی دیکتاتۆری بەهێزتر دەکات.
ئەلهانی، پێشکەشکاری بەرنامەیەکی ڕۆژانەیە لە ڕادیۆی، هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو تۆمەتانە نەدا کە لەبارەی سووکایەتی بە سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی ئاڕاستەی دەکرێت. سزای ئەو تۆمەتە دەگاتە ئەوپەڕی پێنج ساڵ زیندانی.
لە چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 20 کەسایەتی سیاسی، دادوەریی، میدیایی و بازرگانی کە پەیوەندییان بە ئۆپۆزسیۆنەوە هەیە، زیندانی کراون و بەشێکیان بە پیلانگێڕی دژی ئاسایشی دەوڵەت تۆمەتبار کراون.
لایەنە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەو دەستگیرکردنانەیان بە پاڵنەرێکی سیاسی ناودێرکرد، کۆمەڵەکانی مافیش داوایان لە دەسەڵاتدارانی تونس کرد کە زیندانییەکان ئازاد بکەن.
سەرۆک سعەید دەستگیرکراوەکانی بە "تێرۆریست و تاوانبار و خیانەتکار" وەسفکرد و ڕایگەیاند، ئەو دادوەرانەی ئازادیان دەکەن بە هاوبەشی ئەوان هەژمار دەکرێن.
زیاد ئەلهانی ڕۆژنامەنووسێکە کە بە ڕەخنەی توندیی لە زۆربەی حکومەتەکان ناسراوە لە دوای ئەو ناڕەزایەتییە جەماوەرییانەی کە لە ساڵی 2011 دا لەو وڵاتە ڕوویان دا.
هەر وەک چۆن ڕەخنەی لە زەین ئەلعابدین بن عەلی، سەرۆکی پێشووی تونس دەگرت، ئێستاش بە هەمان شێوە ڕەخنە لە قەیس سعەید دەگرێت و بەردەوام دەیڵێتەوە کە سعەید کودەتای ئەنجامداوە و هەوڵی نەهێشتنی دیموکراسی دەدات و لە ڕۆژنامەگەری ئازاد دەدات.
ئازادی ڕادەربڕین دەستکەوتێکی سەرەکی تونسییەکانە لە دوای شۆڕشەکەیان لە 2011 لە دژی حوکمڕانی دیکتاتۆری زەین ئەلعابدین بن عەلی، بەڵام چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران دەڵێن ئەم ئازادییە لە ژێر دەسەڵاتی سعەیددا ڕووبەڕووی مەترسییەکی جددی دەبێتەوە.
قەیس سعەید بە توندی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت هەرگیز نابێت بە فەرمانڕەوایەکی زۆردار.
سەرچاو / ئەلحوڕە ، ڕۆیتەرز