Accessibility links

ئەڵمانیا داوا لە تورکیا دەکات داخوازییەکەی سوید بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ پەسەند بکات


ڕاوێژکری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز جارێکی تر رۆژی پێنجشەممە داوای لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کردەوە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ پەسەند بکات.

شوڵز گوتی پێش کۆبوونەوەی ڤیلنیوس، پێویستە ئەم کارە بکرێت و تورکیا کۆتایی بە دژایەتییەکانی لەگەڵ هەوڵەکانی سوید بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ بهێنێت.

شۆڵز بە پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، " پێویستە سوید وەک هاوپەیمانێکی نوێی ناتۆ "لە سەر مێزی لوتکەکە دابنیشێت".

بڕیارە لە 11 و 12 ی مانگی حەوت کۆبونەوەی ناتۆ لە ڤیلنیوسی لیتوانیا ئەنجام بدرێت و چاوەڕوان دەکرێت لەو کۆبونەوەیەدا سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆ تاوتوێی هەڕەشەکانی ڕووسیا و بەهێزکردنی ئۆکرانیا بکەن.

دوای شەڕی سەپێندراوی ڕووسیا لە ئۆکرایا، سوید و فینلاند دەستبەرداری بێلایەنی سەدان ساڵەی سەربازی بوون و داوایان لە ناتۆ کرد بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی هاوپەیمانییەکە. بۆ زیاد کردنی هەر ئەندامێکی ئەو هاوپەیمانییە سەربازییە پێویسە هەموو ئەندامەکانی قائیل بن.

فینلاند لە مانگی چواردا بووە 31هەمین ئەندامی ناتۆ، بەڵام سوید هێشتا لەلایەن تورکیا و هەنگاریاوە پەسەند نەکراوە.

تۆبایس بیلسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە تورکیا وڵاتەکەیان وەک ئەندامێکی نوێی ناتۆ پەسەند بکات و گوتی هەموو ئەو داواکاریانەیان جێبەجێکردووە کە ئانکەرە داوای کردووە.

تۆبایس گوتی '"ئێمە باوەڕمان وایە ئەو کارەمان کرد کە داوامان لێکرا بیکەین. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە پەرلەمانی تورکیا قۆناغی پەسەندکردنی دەستپێبکات.

تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە سوید پشتیوانی لە گرووپە "تیرۆریستییەکان" دەکات و دەیەوێت ستۆکۆڵم هەندێک کەس ڕادەستی ئانکەرە بکات.

XS
SM
MD
LG