Accessibility links

دوای تێپەڕبوونی 96 کاتژمێر هیچ هیوایەک بۆ ڕزگارکردنی ئەو 5 کەسەی ناو ژێردەریایی تیتان نەماوە


پاش تێپەڕبوونی ماوەی زیاتر لە 96 کاتژمێر بەسەر دابەزینی ژێردەریایی تیتان بۆ قوڵایی ئۆقیانوس، هێشتا هیچ نیشانەیەک نییە ئاماژە بۆ شوێنەکەی بکات لە ڕووبەرێکدا کە هێندەی ویلایەتی کەنێتیکتی ئەمەریکایە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە و لە کاتژمێر 10 ی بەیانی بە کاتی کرێنچ، ماوەی ئەو 96 کاتژمێرە کۆتایی هات کە وەک کۆمپانیای ئۆشن‌گەیت OceanGate ، خاوەنی ژێردەریاییەکە، دەڵێت تیتان بەشی 96 کاتژمێر ئۆکسجینی تێدایە بۆ هەناسەدانی 5 کەس. بۆیە ئەگەر پێشتریش گیانیان لەدەست نەدابێت، ئیتر هیچ هیوایەک نەماوە.

گەشتەکە لە ڕۆژی هەینی 16 ی مانگی شەش، لە بەندەری شاری سانت جۆنزی ڕۆژهەڵاتی کەنەداوە دەستیپێکرد بە ئامانجی گەیشتن بۆ شوێنی پاشماوەی تایتانیک، ئەوەی 111 ساڵ پێش ئێستا نوقمی ئاوی ئۆقاینوس بوو. ئەم 5 کەسە و ژێردەریاییەکە بە کەشتی پوڵەر پرنس ڕۆژی شەممە گەیەندرانە ئەو شوێنەی لێی دابەزینە ناو ئاوی ئۆقیانوسی ئەتلەسییەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ژێردەریاییەکە دابەزێنرا بۆ ناو ئاوەکە و هەموو 15 خولەکێک پەیامی بۆ کەشتییەکە ناردبوو، بەڵام دوای کاتژمێرێک و 45 خولەک هیچ پەیامێکی دیکەی نەنارد.

بەپێی ئەو بەرنامەیەی بۆی دانرابوو، دەبوایە دوای 7 کاتژمێر ژێردەریاییەکە سەر ئاو بکەوتایە، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا، بۆیە کاپتنی کەشتی پۆڵەر پرنس پەیوەندی بە هێزەکانی پاسەوانی کەنارەکانی ئەمەریکا کرد و داوای یارمەتی بە پەلە کرد. بەڵام لەو ساتەوە هەتا ئامادەکردنی ئەم بابەتە هەموو هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ژێردەریاییەکە بێ ئەنجام بوون.

ساتی دابەزینی ژێردەریایی تیتان بۆ ناو ئاوی ئۆقیانوس، یەکشەممە 18 ی مانگی شەش 2023
ساتی دابەزینی ژێردەریایی تیتان بۆ ناو ئاوی ئۆقیانوس، یەکشەممە 18 ی مانگی شەش 2023

هێشتا گەڕان بۆ دۆزینەوەی ژێردەریاییەکە بەردەوامە، بەڵام ئیدی گەڕانەکان بە ئامانجی ڕزگارکردن گیانی 5 کەسەکە نابێت، بەڵکو تەنیا بۆ دۆزینەوە و ڕاکێشانی بۆ سەر ئاو و زانینی هۆکاری ڕووداوەکە دەبن.

کۆمپانیای ئۆشن‌گەیت، بڕی 250 هەزار دۆلار وەردەگرێت لە هەر کەسێک بۆ ئەم گەشتە بەرێت و سەرەتاش پێشەکی وەردەگرێت بۆ ئەوەی نەکا کەسەکە لە دوا ساتی بەر لە دابەزین بۆ ئاوەکە پەشیمان ببێتەوە و هەروەها لەگەڵیدا بەڵێننامەیەکی پێ واژودەکات کە هەرچییەکی بەسەر بێت تەنانەت ئەگەر گیانیش لەدەستبدات کۆمپانیاکە بەرپرسیار نییە.

ئەو 5 کەسە کێن؟


ستۆکتن ڕەش Stockton Rush ، تەمەن 61 ساڵە، دامەزرێنەر و سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆشن‌گەیت OceanGate و کاپتنی ژێردەریاییەکە ، ساڵی 1984 لە زانکۆ پرنستن لە ویلایەتی نیوجێرزی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری فڕۆکەوانی بەدەستهێناوە و ساڵی 1989 بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی کالیفۆرنیا وەرگرتووە.

هەیمش هاردینگ Hamish Harding ، تەمەن 58 ساڵ، کاردارێکی بەریتانییە و لە ئیمارات نیشتەجێ بوو.

شازادە داوود Shahzada ، تەمەن 48 ساڵ، کاردارێکی پاکستانییە.

سولەیمان داوود Suleman Dawood، تەمەن 19 ساڵ، خوێندکار و کوڕە تاقانەکەی شازادە داوود.
پۆڵۆغی ناغژولێت Paul-Henri Nargeolet، تەمەن 77 ساڵ، شارەزایەکی فەڕەنسایی لە بواری کەشتی تایتانیک.

تایبەتمەندییەکانی ژێردەریایی تیتان Titan

جێگە: کاپتن لەگەڵ 4 کەس

وزە: باتری

مەودای ئەوپەڕی دابەزین بۆ قوڵایی ئۆقیانوس: 4 هەزار مەتر

قەبارەکەی: 6.7 مەتر درێژی × 2.8 مەتر × 2.5 مەتر

کێش: کۆمپانیاکە لە ماڵپەڕەکەی لە شوێنێک نووسیویەتی کێشەکەی 10432 کیلۆگرام و لە شوێنێکی دیکە نووسیویەتی 9525 کیلۆگرام.

ئەپەڕی قورسی بار: 685 کیلۆگرام

ماددەی بەرگی دەرەوەی ژێردەریاییەکە: ڕیشاڵی کاربۆن و تیتانیۆم

پێداویستی ژیان، وەکو ئۆکسجین و ئاو و خۆراک: بەشی 96 کاتژمێر بۆ 5 کەس.

بزوێنەری جوڵاندن: 4 بزوێنەری کارەبایی جۆری ئینەرسپەیس Innerspace ، دووانیان بۆ سەر و خوار و دووانیان بۆ لاکان.

لایت: 4 لایتی هەیە کە کۆی ڕووناکییان 40 هەزار لومنە.

کامێرا: کامێرایەکی تایبەت بە ژێر دەریا لە جۆر ڕەیفن Rayfin و چەند کامێرایەک کە بە هەموولایەک دەجوڵێنرێن و کامێرایەکی 4K .

بەشێک لە زانیارییەکان لە ئاژانسەکانی ڕۆیتەرز و فڕانس پرێس و ئەسۆشیەتد پرێسەوە وەرگیراون.

XS
SM
MD
LG