وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە دیدارێکدا لەگەڵ یاشار گولەر هاوتا تورکەکەی لە میانی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ناتۆ لە برۆکسل، داوای لە تورکیا کردووە بە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ ڕازی بێت.
لۆید ئۆستین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەگای ناتۆ گوتی "ئامانجم لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو، ناسینی یاشار گولەر بوو، تەنها بۆ ئەوەی پیرۆزبایی لێبکەم بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک وەزیری بەرگری و بێگومان هەموو دەرفەتێکیش بەکاردەهێنم بۆ ئەوەی هانی بدەم هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بنێت و ڕازی بن بە ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا."
وەزیری بەرگری ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاندووە بەو پێیەی کۆبوونەوەکەیان زۆر کورت بووە، بۆیە "هیچ شتێکی نییە بۆ ڕاپۆرتکردنی ئەو دانیشتنە".
دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە مانگی دووی ساڵی ڕابردوودا، سوید و فینلاند داوای ئەندامبوونیان لە ناتۆ کرد و لە ئەنجامدا فینلاند لە مانگی چواری ئەمساڵدا بوو بە ئەندامی ناتۆ، بەڵام ئەنکەرە تا ئێستا ڕازی نەبووە بە ئەندامبوونی سوید و ستۆکهۆڵمی تۆمەتبار کردوە بەوەی داڵدەی ئەو کەسانە دەدات کە ئەو بە تیرۆریستیان دەزانێت.
هەنگاریا تاکە ئەندامی دیکەی ناتۆیە کە تا ئێستا پێشنیاری سوید لە ناتۆ پەسەند نەکردووە و هۆکاری ئەمەش ڕەخنەی سویدە لە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، بەڵام دیپلۆماتکارانی ناتۆ دەڵێن پێشبینی دەکەن ئەگەر ئەنکەرە ئامادەیی خۆی ڕابگەیەنێت، ئەوا هەنگاریاش بە خێرایی هەنگاو دەنێت بۆ پەسەندکردنی ئەندامبوونی سوید لە ناتۆدا.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیانددوە کە سوید نابێت لە کۆبوونەوەی مانگی داهاتووی ناتۆدا چاوەڕێی هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەنکەرە بکات بۆ ئەندامبوونی لە ناتۆدا، مەگەر ئەوەی بە تەواوی ڕێگری لە ناڕەزایەتییەکانی دژە تورکیا لە ستۆکهۆڵم بکات.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز