سەرۆکی ئیمارات لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە ئیمارات خوازیاری پتەوکردنی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ ڕووسیا و بەو مەبەستەش متمانەی تەواوی بە ڤلادیمێر پوتن هەیە.
شێخ محەمەد، سەرۆکی ئیمارات ڕۆژی هەینی لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئابووری سەنت پیتەرزبورگ بە پوتنی ڕاگەیاند و گوتی "دڵخۆشم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز و گەوەرە لێرەم و ئاواتەخواین ئەم پەیوەندییە پتەوتر بکەین و بەم مەبەستەش متمانەی تەواومان بە ئێوە هەیە."
سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی هەینی،16ی مانگی شەش لە چوارچێوەی ڕێوشوێنێکی توندی ئەمنیدا سەردانی کۆنفرانسی ئابووری نێودەوڵەتی سەنت پیتەرزبورگ کرد و لەگەڵ شێخ محەمەد کە میوانی تایبەتی کۆنفرانسەکە بوو، وتووێژی کرد.
کۆڕبەندی ئابووریی سەنت پیتەرزبورگ کە لەم ڕۆژانەدا خەریکە بەڕێوەدەچێت، پێشتر بە ئامادەبوونی بەرفراوانی نوێنەری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیاواز بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئەمساڵ تاکە میوانی پلە باڵای ئەو کۆنفرانسە، سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییە کە لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتنی بە "دۆست" ناوبرد.
شێخ محەمەد دوای کۆبوونەوەکە لە تویتێکدا ڕایگەیاند "ئیمارات لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیپلۆماسییەوە پشتیوانی لە هەموو هەوڵەکان دەکات بۆ گەیشتن بە بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا".
لەو دیدارەدا ڤلادیمێر پوتن هەروەها سوپاسی سەرۆکی ئیماراتی کرد بۆ ئەو نێوەندگیرییەی کە بووە هۆی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی شەڕ لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.
دوابەدوای سەپاندنی سزاکانی سەر ڕووسیا، لە ئێستادا شاری دوبەی بووەتە گرنگترین شوێنی بازرگانی و گواستنەوە بۆ ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هەندێک گریمانە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هاوشان لەگەڵ ئێران ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە خۆدزینەوەی ڕووسیا لە سزاکانی ڕۆژئاوا وهەروەها لە دابینکردنی ئەو کەلوپەل و کەرەستانەی کە دوای کشانەوەی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان لە بازاڕی ڕووسیادا نەماون.
ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هەرچەندە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دیکەی ڕۆژئاوایی هەیە، بەڵام لە سەرەتای شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، بە ڕەتکردنەوەی بەشداریکردن لە سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ڕووسیا، هەڵوێستی بێلایەنیی ڕاگەیاندووە و لە هەمان کاتدا ئەبوزەبی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییە بەرفراوانەکانی لەگەڵ مۆسکۆ بەردەوام بووە.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز