Accessibility links

ئێران دەڵێت بە نیازە هاوپەیمانییەکی دەریایی لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا پێکبهێنێت


دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران لە زاری فەرماندەی هێزی دەریایی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردوەتەوە کە ئێران و سعودیە و سێ وڵاتی دیکەی کەنداو پلان دادەنێن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دەریایی کە هیندستان و پاکستانیش لەخۆدەگرێت.

دەزگاکە لە زاری شەهرام ئێرانی فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران نووسیوێتی" ئەمڕۆ وڵاتانی ناوچەکە بۆیان دەرکەوت کە تەنها هاریکاریکردن لەگەڵ یەکتردا ئاسایشی ناوچەکە دەستەبەر دەکات."

بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا شێوازی ئەو هاوپەیمانێتییە کە بەمزووانە پێکدەهێنرێت، چۆن دەبێت.

ئێران لەمدواییانەدا هەوڵیداوە پەیوەندییە خراپەکانی لەگەڵ چەندین وڵاتی کەنداودا باشتر بکاتەوە.

لە مانگی سێدا ئێران و سعودیە بە نێوەندگری چین کۆتاییان بە چەندین ساڵ لە ململانێی نێوانییان هێنا و جەختییان لە پێویستییەکان کردەوە بۆ جێگیریی ناوچەکە و هاریکاریی ئابووری.

شەهرام ئێرانی وتی ئەو وڵاتانەی کە بەشدار دەبن لە هاوپەیمانییەکەدا ئیماڕات و بەحرەین و قەتەڕ و عێراق و پاکستان و هیندستانیش لە خۆدەگرێت.

هەوڵەکانی سعودیە بۆ نزیکبوونەوە لە ئێران هەوڵەکانی ئیسڕائیلی نائومێد کردووە بۆ پەراوێزخستنی ئێران لە ڕووی سیاسییەوە.

ئیماڕاتیش کە لە ساڵی 2020 دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی کردەوە، ساڵی ڕابردوو پەیوەندییە فەڕمییەکانی لەگەڵ ئێراندا دەستپێکردەوە.


سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG