Accessibility links

هەسەدە ڕەتی دەکاتەوە 41 ئەندامی لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە کوژرابن


ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕەتیدەکەنەوە 41 ئەندامی لەلایەن تورکیاوە کوژرابن و دەڵێن هیچ هێزێکیان لە تەل ڕەفعەت نییە و تەنها 4 شەرڤانیان لە منبج کوژراون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی سەربازی منبج، ڕۆژی چوارشەممە،14ی مانگی شەش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا چوار چەکداری ئەنجوومەنی سەربازی منبج کوژراون و دوو چەکداری دیکەش برینداربوون و هەروەها لە گوندی عەرەب حەسەن، هاووڵاتییەکی مەدەنی بە هۆی بۆردومانەکەوە کوژراوە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕۆژی چوارشەممە، 14ی مانگی شەش ڕایگەیاند کە سوپاکەیان لە ڕێگەی بەکارهێنانی تۆپخانەی زەمینی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، 53 چەکداری کوردیان لە ڕۆژئاوا کووشتووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ئەو وەزارەتە، ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای تورکیا تۆڵەیەک بووە لە وەڵامی هێرشێکی شەرڤانە کوردەکانەوە بۆ سەر بارەگایەکی پۆلیس لە سەر سنووری تورکیا لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا.

هەروەها ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ لەم بارەیەوە ڕۆژی سێ شەممە ڕایگەیاند، دوو منداڵ بەهۆی بۆردومانێکی هێزەکانی تورکیاوە لە ڕۆژئاوای منبج لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب برینداربوون و چوار ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی منبجیش کە لەهەوڵی گواستنەوەی بریندارەکاندا بوون بۆ نەخۆشخانە، لە هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە کوژران.

ئەمەریکا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ڕێبەرایەتی کوردەکان (هێزەکانی پاراستنی گەل) لە شەڕی دژی داعشدا پێکەوە هاوکاری دەکەن و ئەم هاوکارییەش، گرژی و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا دروست کردووە.

سەرچاوە/ماڵپەری ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ /ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە

XS
SM
MD
LG