Accessibility links

ئەردۆغان ژنێک وەک سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا دەستنیشان دەکات


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای نزیکەی دوو هەفتە لە سەرکەوتنی دووبارەی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا، ژنێک وەک سەرۆکی بانکی ناوەندی وڵاتەکە دەستنیشان دەکات و ئەمەش یەکەمجارە ژنێک ئەو پۆستەی لە تورکیا وەرگرتبێت.

ئەم ئەرکە بە حافیزە غایە ئەرکان سپێردراوە کە پێشتر لە کەرتی دارایی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چالاک بووە.

حافیزە غایە ئەرکان لە ژیانی پیشەیی خۆیدا ئەزموونی کارکردنی وەک سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری بانکی فێرست ڕێپابڵیک(First Republic Bank) و هەروەها وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی دارایی گۆڵدمەن ساکس( Goldman Sachs) هەیە.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز هەڵبژاردنی ئەرکان پێدەچێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتە ئابوورییەکانی تورکیا کە ساڵانێکە بە هۆی دابەزینی ڕێژەی قازانجی بانکەکانەوە، ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و تێچووی ژیان بووەتەوە.

ئەرکانی تەمەن 43 ساڵ جێگەی شەهاب کاڤجی ئۆغڵو سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندیی تورکیا دەگرێتەوە کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە کەمکردنەوەی ڕێژەی قازانجی بانکی بە فەرمانی ئەردۆغان، سیاسەتێک کە بوو بە هۆی دابەزینێکی مێژوویی بەهای لیرە و بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی 24 ساڵی ڕابردووی تورکیا کە زیاتر لە 85% بووە.

سێلڤا دیمیرالپ، مامۆستای ئابووری دەڵێت "پرسیاری سەرەکی بۆ ئەرکان ئەوە دەبێت کە ئایا دەسەڵاتی پێدەدرێت بۆ ئەوەی سیاسەتی دراو بەرەو سیاسەتی عەقڵانی ئاڕاستە بکات یان نە؟!"

ئەو پسپۆڕەی بواری ئابوورییە دەشڵێت "بۆ بەدەستهێنانی متمانە و سەقامگیرکردنی بازاڕ دەبێت لە ڕێگای بەرزکردنەوەی ڕێژەی قازانجەوە دڵنیابێت لەوەی کە سیاسەتی دابەزاندنی ڕێژەی قازانج چیدیکە ڕچاو ناکرێت."

ڕۆیتەرز نووسیوێتی بە سەرنجدان بەوەی کە حافیزە غایە ئەرکان لە ژیانی پیشەیی خۆیدا لە واڵ ستریت و دەستەی بەڕیوبەرانی کۆمپانیاکانی ئەمەریکادا هیچ ئەزموونێکی فەرمی لە سیاسەتی دراودا نییە، بۆیە پێشبینیکردنی بۆچوونەکانی ئەستەمە. ئەرکان خاوەنی دکتۆرایە لە ئەندازیاری دارایی لە زانکۆی پرینستۆن.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG